ئاژانسی کوردپا: لاوێکی کورد خەڵکی شاری بانە، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە ڕاگوێزرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی خەزەڵوەر، هێزە ئیتلاعاتییەکان لاوێکی کوردیان بە ناوی "سامان کەریمی" تەمەن ٢٣ ساڵ خەڵکی شاری بانە دەسبەسەر کرد.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری بانە لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕایگەیاند: ئەم لاوە کوردە لە یەکێک لە شەقامەکانی شاری بانە لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە.

بە وتەی ئەو سەرچاوە ئاگادارە، ئەم لاوە کوردە لە دووهەمین ڕۆژی دەسبەسەر کرانی بۆ لێکۆڵینەوە، بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە ڕاگوێزراوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: بنەماڵەی ئەم لاوە کوردە بۆ ئاگاداربوونی لە چارەنووسی کوڕەکەیان سەردانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنەیان کردووە و هەتا ئێستا وڵامێکی ڕوونیان لەو پەیوەندییەدا، دەسنەکەوتووە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەر کرانی ئەم لاوە کوردە، هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.