ئاژانسی کوردپا: گرووپێکی چەکدار، ماشینی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتییان لە شاری بانە دایە بەر دەسڕێژ و لە ئاکامدا، ژمارەیەک لە هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی کوژران و بریندار بوون.
شەوی پێنجشەممە ٢٥ی گەلاوێژ، ماشینی هەڵگری هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی لە جاددەی "بەردەبووک-بانە" لە لایەن گرووپێکی چەکدارەوە درایە بەر دەسڕێژی گووللە و لە ئاکامی ئەو هێرشەدا، چوار کەسیان کوژران و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون.
"هەڵۆکانی زاگرۆس"بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک بەرپرسایەتی ئەو هێرشیان گرتووەتە ئەستۆ و ڕایانگەیاندووە کە "کەوسەری" بەرپرسی هەنگی سنووری "چۆمان" و "زڵێ" یەکێک لە بریندار بووەکانی ئەو هێرشەیە.
محەممەد فەللاحی فەرمانداری شاری بانە ویڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە لەمبارەوە بە هەواڵدەریی تەسنیمی ڕاگەیاندووە کە تەنیا ٤ کەس بریندار بوون.
ڕێکەوتی ٢٠ی پووشپەڕیش، "حوسێن شوانکارە"، یەکێک لە مەئموورانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی حکوومەتی ئێران لە شاری پیرانشار لەلایەن "هەڵۆکانی زاگرۆسەوە" کوژرا.





