ئاژانسی کوردپا: شیرین عیبادی، چالاکی مافی مرۆڤ و براوەی خەڵاتی ئاشتی نوبێل ڕایگەیاندووە: کە یاسای بنەڕەتیی حکوومەتی ئێران لە خۆڕا بە دڵخۆشکردنی نەزانانە و باوەڕی کوێرکوێرانەی خەڵک لە ڕێفڕاندومی ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی پەسەند کرا.
شیرین عیبادی لە گوتارێکدا لە لاپەڕەی "دیدگاە"ی دوویچەولەی فارسی، لە بارەی یاسای بنەڕەتی حکوومەتی ئێران نووسیوویەتی: بە چاوپێخشاندنێکی کورت بە سەر یاسای بنەڕەتیی ئێران شوێنپەنجەی "خۆسەپاندنی هزری" لە پێکهاتەی کۆماری ئیسلامی ڕوون دەبێتەوە. ئەسڵی ٤ی یاسای ئاماژەپێکراو دەڵێت: یاسا و ڕێسای مەدەنیی، سزا، ماڵی، ئابووری، ئیداری، فەرهەنگی، نیزامیی، سیاسی و ..... دەبێ لەگەڵ فەرمانەکانی یاسای ئیسلامیی بگونجێت".
ناوبراو هەروەها نووسیوویەتی: هەم هێزی یاسادانان، هەم هێزی بەڕێوبەریی و هەم هێزی قەزایی، لە ژێر دەسەڵاتی ڕێبەردان و هەر کات ئیرادە بکات، دەتوانێ دەستکاری بکات و سەلیقەی کەسیی خۆی تێدا بەکار ببات. ئیسلامیش تەنیا و تەنیا لە بوونی ڕێبەر مانا کراوەتەوە و هەر وڵاتێکی دیکەش لە ژێر دەسەڵاتی وەها یاسایەک ئیدارە ببێت، لە کۆتاییدا دەگاتە بنبەستی سیاسی، وەکوو چۆن ئەمڕۆ لە ئێراندا ئەم کارە پێش هاتووە.
عیبادی لەم نووسراوەیەدا دەڵێت: لەوەش دڵتەزێنتر ئەوەیە سەرجەم بنەماکانی یاسای بنەڕەتی لە هەر هەلومەرجێکدا تەنانەت دژواریشدا کە دەکرێت پێداچوونەوە بکرێن، بەڵام بنەمای سەرجەم ئەو یاسا و ڕێسایانەی کە بەپێی ئیسلام و ولایەتی ڕێبەری دامەزراوە، ناتوانرێت پێداچوونەوە بکرێن و لە یاسای بنەڕەتیشدا هاتووە کە ئەو بنەمایە هەتاهەتایییە.
شیرین عیبادی، لە کۆتایی گوتارەکەیدا ڕایگەیاندووە: گویا نووسەرانی ئەم یاسایە لەو باوەڕەدا بوون، کە "باری نالەبار بە شوێنی خۆی دەگات".
وەرگری خەڵاتی ئاشتیی نوبێل، پێشتر لە وتووێژێکدا لەگەڵ "پایگاە اینترنتی بلومبرگـ"ـدا ڕایگەیاندووە: خەڵکی ئێران بە دوای "گۆڕینی نیزامی سیاسی" و "یاسای بنەڕەتی" ئەو وڵاتە و دانانی یاسایەکی بنەڕەتیی "سێکۆلار"، "بەپێی جاڕنامەی جیهانیی مافی مرۆڤە"وەن.





