ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی مافی مرۆڤی کورد، خەڵکی شاری سنە بانگهێشتی لقی چواری دادگای پێداچوونەوەی شاری سنە کرا.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئیجلال قەوامی، ڕۆژنامەنووس و چالاکی مافی مرۆڤ، دانیشتووی شاری سنە بانگهێشتی لقی چواری دادگای پێداچوونەوەی ئەو شارە کرا.
ئەو چالاکە مافی مرۆییە لە تویتی شەخسیی خۆیدا نووسیوویەتی: "پڕۆپاگەندە دژی نیزام، وتوویژ لەگەڵ ڕاگەیاندنەکانی دژبەری نیزام و بڵاوکردنەوەی گوتارگەلێک پێچەوانەی راستییەکان و بێڕێزی بە سپای پاسداران لە تۆمەتە وەپاڵدراوەکانی منن".
ڕاگەیاندنەکانی سەر بە سپای پاسداران ئیجلال قەوامی بە "دژە شۆڕش و دەست و پێوەندی ڕاگەیاندنی بێگانەکان" دەزانن و لە ماوەی ساڵانی رابردوودا بە بەشداری ئەم چالاکە مافی مرۆڤە کوردە لە چەندین پرێسکۆنفڕانسدا هەواڵنێران ناڕەزایەتییان دەربڕیبوو و خوازیاری هەڵسووکەوتی قەزایی ناوبراو بوون.
ئیجلال قەوامی، چالاکییە ڕۆژنامەوانییەکانی خۆی لە ساڵی ١٣٧٩ی هەتاوییەوە لە ڕۆژنامەی ئێران دەست پێکردووە، لە ئێستادا وەکوو ڕۆژنامەوانێکی ناسراو لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا بە ئەژمار دێت.






