ئاژانسی کوردپا: هێزەکانی سپای پاسداران لە بەرزاییەکانی شاخی شاهۆ کەوتنە بەر هێرشی گرووپێکی چەکداری نەناسراو.
فەرماندیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان سەر بە "حدکا" بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک، ڕایگەیاند: "ئێوارەی شەممە ٢٣ی پووشپەڕ، هێزەکانی سپای پاسداران لە کاتی جەوڵە لە بەرزاییەکانی شاخی شاهۆ، دەکەونە بەر هێرشی گرووپێکی چەکداری نەناسراو و لە ئاکامدا لە دوو کەس لە هێزەکانی سپا کوژران و چەند کەسی دیکە لە ئەندامانی سپا بریندار بوون.
فەرماندیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە ڕاگەیاندراوەکەدا دەڵێت: "سپای پاسداران شوێنی شەڕەکەی بە توندی تۆپباران دەکات".
لە لایەکی دیکەوە، پەیوەندییەداکانی قەراگای ئەشەرەفی هێزە زەویینییەکانی سپای پاسداران ڕایگەیاندووە: "لە ئەنجامی دزەکردنی گرووپێکی تێرۆریستی دژە شۆڕش لە ناوچەی سنووریی شاری نۆدشە سەر بە پاڕێزگای کرماشان بۆ ئەنجامدانی خرابکاری و دژە ئەمنییەتی، ئەم تیمە لە لایەن هێزەکانی قەراگای نەجەفی هێزە زەویینییەکانی سپای پاسداران، هێرشیان کراوەتە سەر و کوژراون".
قەراگای نەجەفی ئەشەرەف لەو ڕاگەیاندراوەدا دەڵێت:" لەو شەڕ و تێکهەڵچوونەدا سێ کەس لە ئەندامانی ئەو گرووپە کوژراون و کەسێکی دیکە بە توندی بریندار بووە و هەروەها لە شەڕەدا، یەکێک لە ئەندامانی خۆجێی بەسیج کوژراوە".
ئەم قەراگایە بە هەڕەشەکردن لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران دووپاتی کردووتەوە کە: " هێزە زەویینییەکانی سپا و هێزە ئەمنییەتییەکانی دیکە لە ناوچەکە بەربەرەکانێ دژی هەر گرووپێکی دوژمنکار دەکەن و ئامادەیی هەر جۆرە وڵامدانەوەی مانۆڕدانی گرووپەکانی دژە شۆڕش و دژەبەرەکانیان هەیە."





