ئاژانسی کوردپا: هێزە نیزامییەکان لە سنووری شاری شنۆ، دەستیان بە سەر زیاتر لە ٣٥٠ سەر ئەسپی کاسبکارانی ئەو شارەدا گرت و دەیان سەر لە ئەسپی کاسبکارانیان کوشت.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئێوارەی ڕۆژی ٢٩ی بانەمەڕ، هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی، لە دارستانەکانی گوندی "میرئاوا" و "خێوەتگە"، دەستیان بە سەر ٣٥٠ سەر ئەسپ و باری کاسبکاراندا گرت و دەیان سەر ئەسپی ئەو کاسبکارانەیان دایە بەر دەسڕێژی گوللە.
هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی پاش کوشتی ئەسپی بارهەڵگری کاسبکاران، دەستیان بە سەر شتومەکی کاسبکاراندا گرت و لەگەڵ خۆیان بردیان. ئەسپە بارهەڵگرەکان هی کاسبکارانی شنۆ و پیرانشار بووە.
چالاکانی مەدەنی، ئەم هەوڵەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران، بە "تێکدانی سامانی خەڵک" (تخریب اموال مردم) ناو دەبەن.





