ئاژانسی کوردپا: سەرەڕای بەدواداچوونە بەردەوامەکان، بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی چالاکێکی کرێکاریی، هیچ زانیارییەک لە چارەنووسی ئەو هاووڵاتییە لە بەردەستدا نییە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، پاش تێپەڕاندنی ٦ ڕۆژ بە سەر دەستبەسەرکردنی "ئارمین شەریفی"، چالاکی کرێکاریی و خوێندکاری زانکۆی پەیام‌نووری سنە، هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لە بەردەستدا نییە.

بنەماڵەی ئەو چالاکە کرێکارییە ڕایانگەیاندووە: "سەرەڕای بەدواداچوونە بەردەوامەکانمان. هێشتا لە بارودۆخی ڕامین هیچ زانیارییەکمان نییە".

بە وتەی بنەماڵەی شەریفە، "پاش ٦ ڕۆژ لە دەستبەسەرکرانی ئارمین بەداخەوە هەتا ئێستا نە ئیدارەی پەیوەندییدار و نە دادوەری دۆسییەکەی هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لە هۆکاری دەستبەسەرکرانی ئارمینیان پێمان نەداوە و هەروەها ئارمین بەبێ ‌هۆ دەسبەسەر کراوە".

ڕۆژی سێشەممە ١٨ی بانەمەڕ، "ئارمین شەریفی" چالاکی کرێکاریی و ئەندامی سەندیکای وەرزی و بیناسازیی شاری سنە بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعات و دەسبەسەر کرا.