ئاژانسی کوردپا: لێکەوتنی بێڵێکی میکانێکی لە یەکێک لە مینە چێندراوەکان لە شاری سەرپێڵیزەهاو و تەقینەوەی ئەو مینە، برینداربوونی دوو هاووڵاتیی لێ کەوتەوە.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە ٢ی بانەمەڕ، بە هۆی لێکەوتنی بێڵێکی میکانیکی لە مینێک و تەقینەوەی ئەو مینە، دوو هاووڵاتیی بە سەختی بریندار بوون و ڕەوانەی نەخۆشخانە کران.
هەواڵنێری کوردپا لە شاری سەرپێڵیزەهاو، شوناسی ئەو دوو هاووڵاتییە بە ناوەکانی "سەعید میری و هادی مورادی" ڕاگەیەندراوە و ئەو دوو هاووڵاتییە لە گوندی "بێشکان" تووشی ئەو ڕووداوە بوون.
هەواڵنێری کوردپا ڕایگەیاند: ئەو بێڵە میکانیکییە لە کاتی هەڵکەندنی زەوی بە هۆی تەقینەوەی یەکێک لە مینە بەجێماوەکانەوە زیانی بەرکەوتووە و ئەو دوو کەسەش بریندار بوون، کە بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی ناوەندی دەرمانی کراون و هەنووکەش لەژێر چاوەدێریی پزیشکی دان.
لەو پەیوەندییەدا کارناسێکی مینهەڵگرتن، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، لە وتووێژێکدا لەگەڵ ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاند: "مین لە کوردستان هەڕەشە لە گیانی هاووڵاتییان دەکات و ئەمەش بۆ ناشارەزایی لە هەڵگرتنەوەی مین و کەڵکوەرگرتن لەو ماشینانەی کە ڕێگاوبان دروست دەکەن، دەگەڕێتەوە.
ناوبراو هەروەها دەڵێت: سەرەڕای خاوێن کردنەوەی نزیکەی ٣ هەزار پایگا لە ساڵی ڕابردوودا (٩٦) هەتا ئێستە، داهاتوویەکی ڕوون بۆ هەڵگرتنەوەی مین لە کوردستان بەرچاو ناکەوێت.





