ئاژانسی کوردپا: لاوێکی خەڵکی شاری بانە دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتووخانەی ئەو شارە کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە ١ی بانەمەڕ، لاوێکی کورد بە ناوی "زانیاری عوسمانی" دانیشتووی گەڕەکی "سلێمان‌بەگ" لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دسبەسەر و بۆ لێکۆڵینەوە ڕەوانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری بانە کرا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە بە تۆمەتی "بەشداری لە مانگرتنی بازاڕییان و داخرانی سنوورەکان" دەسبەسەر کراوە.

یەکێک لە نزیکانی ئەو هاووڵاتییە کوردە لە وتووێژێکی کورتی تەلەفوونی لەگەڵ ئاژانسی کوردپا باسی لە دۆسیە‌سازی دژی ئەو لاوە کوردە لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری بانەوە کرد و ڕایگەیاند: "بنەماڵەی عوسمانی بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی کوڕەکەیان سەردانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەیان کردووە، بەڵام هێزە ئیتلاعاتییەکان لە دانی وڵامێکی ڕوون خۆیان بواردووە و ئەمەش نیگەرانی لای بنەماڵەکەی درووست کردووە.

لە ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی خاکەلێوەوە، بازاڕیانی شارەکانی بانە و جوانڕۆ بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین لەهەمبەر داخستنی بازاڕچە سنوورییەکان و زیادکردنی نرخی گومرۆکەکان دەستیان دایە مانگرتن و ئەم مانگرتنانە فراوانتر بوویهوە و شارەکانی مەریوان، سەقز و پیرانشاریشی گرتەوە.