ئاژانسی کوردپا: عەلی یوونسی هاریکاری تایبەتی سەرکۆماری ئێران لە کاروباری نەتەوە و کەمەنەتەوەکانی ئێران ڕاگەیاند: حیزبە خۆجێیەکان لە قازانجی"بەرژەوەندیی داهاتووی ئێران نییە".

بەپێی ڕاپۆرتی"یول پرس" عەلی یوونسی جێگری سەرکۆمار لە کاروباری نەتەوە و کەمە نەتەوەکانی ئێران، هەرچی حیزبەکان میللی‌تر بن لە بەرژەوەندی هەموومانە دایه و حیزبە خۆجێیەکان لە قازانجی ئێمەدا نینە.

یول پرس لە درێژەی قسەکانی عەلی یوونسیدا نووسیوویەتی: "حیزبی میللیی لە ئێران گشتگیر بێت و هەموومان بە بیری هاوبەشدا تێیدا بەشداری بکەین و ئەوەش لە بەرژەوەندی ئێمە دایه، که بە داخەوە هێشتا بەو ئاستە نەگەیشتووین".

بە وتەی ناوبراو بەرژەوەندیی ئێمە لەوە دایە کە حیزبی میللیمان هەبێت، هەتا بە نوێنەرایەتی خەڵک و دەوڵەت لەگەڵ دوورکەوتنەوە لە ئێراندا بەربەرەکانێ بکەین.

ناوبراو لە درێژەدا هەروەها باسی لە فەرە نەتەوەیی خاکی ئێران کردووە و هەروەها باسی لە پەیوەندیی نێوان کورد و ئازەری کرد کە ئەو دوو نەتەوە برای دووانەی یەکترین.

عەلی یوونسی لە درێژەدا دەڵیت: "ئازەرییەکان لە گەڵ کوردەکان برای دووانەی یەکترین و ئەو دوو قەوەمش لە نەتەوەی مادەکانن، کە پێش لە هەخامەنەشییەکان لەو خاکەدا جێگر بوونە و لەگەڵ یەکتریدا تووشی شەڕ و کێشە بوونه، بەڵام لە یەک بنەماڵەن".

قسەکانی هاریکاری سەرکۆماری ئێران بۆ کاروباری نەتەوەکان لە ئێراندا، ڕوانگەی ڕاستەقینەی "اصلاح‌طلب"ـەکان و دەوڵەته لە هەمبەر نەتەوەکانی ئێراندا.