ئاژانسی کوردپا: سێ کارناسی کاروباری مافی مرۆڤ لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیاننامەیەکدا دوای هەڵوەشانەوەی حوکمی ئێعدامی زیندانییەکی سیاسیی کورد لە گرتووخانەی شاری سنەیان کرد.

ئەو کارناسانە لەو بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاندووە: "بڕینەوەی حوکمی ئێعدامی ڕامین حوسێن‌پەناهی بەپێی تۆمەتەوەپاڵدراوەکان جێی قەبووڵ کردن نییە و ئێمە داوا لە حکوومەتی ئێران دەکەین حوکمی ئێعدامی ناوبراو هەڵبوشێنرێتەوە".

کارناسانی کاروباری مافی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان بە نیسبەت ئازار و ئەشکەنجەی ڕامین لە ماوەی دەستبەسەرکرانیدا، نیگەرانیی خۆیان دەربڕیووە و دەڵێن: "ڕامین پێش و پاش لە دادگاییکردنی، لە دەستڕاگەیشتن بە تەلەفوون، پارێزە و چاوەدێریی پزیشکی بێبەری بووە".

بە وتەی ئەو سێ کارناسە، بڕینەوەی حوکمی ئێعدامی ڕامین لە لایەن دادوەر بابایی "ناعادڵانە و دژایەتیی لەگەڵ یاسا نێونەتەوەییەکان"دا هەبووە.

ئەو کارناسانە دەڵێن: "سەبارەت بە بارودۆخی ڕامین حوسێن‌پەناهی لەگەڵ حکوومەتی ئێران وتووێژ دەکەین".

ڕۆژی سێشەممە ٢١ی خاکەلێوە لە لقی ٣٩ی دیوانی باڵای وڵات لە شاری قوم، حوکمی ئێعدامی ڕامین حوسێن‌پەناهی پشتڕاست کرایەوە.