ئاژانسی کوردپا: بازاڕیانی کوردستان هەتا داواکانیان جێبەجێ نەکرێت، درێژە بە مانگرتنەکەیان دەدەن.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٩ی خاکەلێوە، مانگرتنی بازاڕیانی بانە، سەقز و مەریوان درێژەی هەبووە و بازاڕیانی پیرانشاریش دەسیان بە مانگرتن کرد.
بازاڕیان بە ڕاخستنی سفرەی بەتاڵ، داواکاری وەڵامدانەوەی بەرپرسانن و ڕوو لەوان ڕایانگەیاندووە: "سفرەی بە تاڵی ئێمە نانی دەوێت".
"ڕەسوڵ خزری"، نوێنەری سەردەشت و پیرانشار لە مەجلیسی ئێران لە گفتوگۆیەکی لەگەڵ هەواڵدەرییەکی خۆجێی پیرانشاری وتوویەتی: "حەسەن ڕۆحانی، سەرکۆماری وڵات بەداخەوە تا ئێستاش بۆ کرانەوەی ڕێڕەوە سنوورەییەکان هیچ هەوڵێکی نەداوە".
ناوبراو دەڵێت: "هەندێک لە بەرپرسان هێشتا باوەڕیان وانییە کە داخستنی ڕێڕەوە سنوورییەکان بووەتە هۆی بێکار بوونی ٧٥ هەزار کەس، کە کاریان کۆڵبەرییە".
لە ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی خاکەلێوە وە بازڕیانی شارەکانی بانە و جوانڕۆ بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بە داخستنی بازاڕچە سنوورییەکان، زیادکردنی نرخی گومرکەکان دەستیان دایە مانگرتن و ئەم مانگرتنانە فراوانتر بووه و شارەکانی مەریوان، سەقز و پیرانشاریشی گرتەوە.
گوزەرانی زۆرێک لە خەڵكی ناوچە سنوورییەکانی کوردستان بەستراوەتەوە بە سنوورەکان، کە ماوەیەکە بە هۆکاری نادیار سنورەکان داخراون.





