ئاژانسی کوردپا: چاندنی برنج بە هۆی کەمی باران و نەبوونی ئاو لە پاڕێزگای کرماشان لە سەر بڕیاری شیرکەتی ئاوی ناوچەیی ئەو پارێزگایە قەدەغە کرا.
بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی ناوچەیی پارێزگای کرماشان لە وتووێژێکدا لەگەڵ "باشگاە خبرنگاران جوان" ڕایگەیاند: "ئەم ڕەوتە بەپێچەوانەی ئۆلگووی چاندنی برینج لە ئاستی پارێزگای کرماشانە و جوتیاران مافی چاندنی ئەو بەرهەمەیان نییە کە پێویستی بە ڕێژەی زۆری ئاو هەیە".
"کیاسەت ئەمیریان" لە درێژەدا ڕایگەیاند: "چاندنی برینج لەو ناوچانەی کە ڕێژەی بارینی باران زیاتر لە ٨٠٠ میللیمیترە دەچێندرێت و پارێزگای کرماشان هەتا ئێستا ٣١١ میللیمیتر بارانی لێ باریووە و شوێنی پێویستی بۆ چاندنی ئەو بەرهەمە نییە".
بە وتەی ئەو بەرپرسە حکوومەتییە، لە ساڵانی ڕابردوودا، سەرەڕای دابەزینی ڕێژەی بەرچاوی باران بارین لە ئاستی ئێران و هەروەها بڵاوکردنەوەی بەیاننامەکان، چاندنی برینج لە شارەکانی سەحنە و هەرسین قەدەغە ڕاگەیەندراوە و لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی چاندنی ئەو بەرهەمە بە حوکمی ناوەندە قەزاییەکان، ئەو بەرهەمە لە ناو دەچێت و بەرپرسایەتی لە ئەستۆی خودی جووتیارانه.
ئەمیریان لە درێژەدا دەڵێت: "چاندنی برینج تەنیا لە ناوچەکانی باکووری ئێران ڕێگەپێدراوە و لە پارێزگای کرماشان بە هۆی کەمیی باران پێویستی بە "صرفەجویی" لە بواری کشتوکاڵی زیاتر هەستی پێدەکرێت و دەبێت بە شێوەی جیددی لە بواری پاشەکەوتی ئاو بەدواداچوونی بۆ بکەین".





