ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کورد، خەڵکی شاری سەردەشت بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی بریندار و ڕەوانە نەخۆشخانە کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئێوارەی ڕۆژی شەممە ٤ی خاکەلێوە، ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی کورد لە شاری سەردەشت دەکەونە بۆسەی هێزە حکوومەتییەکان و لە ئەنجامی تەقەی ئەو هێزانە، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی "لوقمان محەممەدزادە" خێزاندار و تەمەن ٣٧ ساڵ خەڵکی گوندی"شمۆلە" سەر بە شاری ڕەبەت بە سەختی بریندار بوو.

ئەو کۆڵبەرە کوردە لە نزیک گوندی "کانی زەرد" تووشی ئەو ڕووداوە بووە و لە لای ڕان و زکییەوە بریندار و بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی شاری سەردەشت کراوە.

ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی ڕەشەمە، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی "محەممەد" خەڵکی گوندی"ئەسکۆڵ" سەر بە شاری مەریوان بە هۆی بەربوونەوە بە سەختی بریندار بوو.