ئاژانسی کوردپا: لاوێکی تەمەن ٢٧ ساڵ خەڵکی شاری سەقز، بە هۆکارێکی نادیار لە یەکێک لە گەڕەکەکانی ئەو شارە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی رابردوو ٢٢ی خەرمانان، لاوێکی تەمەن ٢٧ بە ناسنامەی "ن. س" بە شێوازی خۆهەڵواسینەوە هەوڵی خۆکوژی دا.
ئەو ڕووداوە لە گەڕەکی بەهارستانی شارەکی زاگرۆس رووی داوە.
هەتا کاتی بڵابوونەوەی ئەم هەواڵە هۆکاری خۆکوژی ئەو لاوە کوردە نەزانراوە.
کارناسانی بواری دەروونیی لە سەر ئەو باوەڕن، کە لە پشت هەر پلانێک بۆ خۆکوژی هەزاران بیرۆکە هەیە و دیارە کە کەسێک کە هەوڵی خۆکوژی دەدا، لە قۆناخی یەکەمدا تووشی خەمۆکی (افسردگی) دەبێ و پاشان هیوای بە ژیان لە دەست دەدا.
ڕێژەی خۆکوژی لە ئێراندا لە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی ئورووپایی کەمترە، بەڵام لە نێو وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا لە سەرترە و ڕێژەی نزیکەی ٥٠٠ خۆکوژیی جێبەجێکراو لە ساڵدا لە وڵاتی ئێران، بە یەکێک لە خەسارە کۆمەڵایەتییەکان هەژمار دەکرێت و ئەو ڕەوتە دزێوە لە حاڵی پەرەسەندن دایە.





