ئاژانسی کوردپا: ناوەندی فەرهەنگی_هونەری"ڤەژین" لە شاری مەریوان، لەلایەن کەسانێکی نەناسراوەوە ئاگری تێبەردرا.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی هەینی ٢٠ی گەلاوێژ، ناوەندی فەرهەنگی_هونەری"ڤەژین" لە شاری مەریوان لە لایەن کەسانێکی نەناسراوەوە ئاگر درا.
ئەو ناوەندە فەرهەنگی_هونەرییە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: "پاش ئاگادار کردنی ناوەندە پەیوەندیدارەکان، بەڵگەمەند کردنەوەی ڕووداوەکە و لێکۆڵینەوە لە پەیوەندی لەگەڵ چۆنیەتی ڕووداوی ئاگر گرتنی ئەو ناوەندە فەرهەنگییە، بەو ئاکامە گەیشتین کە بەئەنقەست و کاری تاقمێکی دژ بە فەرهەنگ و ژیان بووە".

ناوەندی فەرهەنگی_هونەری"ڤەژین" ئاگرتێبەردانی بینای سەرەکیی ئەو ناوەندەی بە هەوڵێکی"نەزۆکانە و دژە فەرهەنگ" وەسف کردووە.
لەو ئاگرتێبەردانەدا، بینای ناوەندی فەرهەنگی_هونەری "ڤەژین" تووشی خەسارەتی ماددی بووە.
چالاکانی فەرهەنگی مەریوان وێڕای ناڕەزایەتی دەربڕین لە هەمبەر ئاگردانی بینای ناوەندی فەرهەنگی_هونەری "ڤەژین" ئەو کارەیان خستووتە ئەستۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی.
لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، ناوەندی فەرهەنگی_هونەری "ڤەژین" لە شاری مەریوان هەوڵی بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسم، پێشانگا، فێستیڤاڵ و سێمیناری فەرهەنگی و هونەری تایبەت بە زمان و وێژەی کوردی داوە، کە هاوکات لەگەڵ پێشوازی هاووڵاتییانی ئەو شارە بەڕەوڕوو بووەتەوە.
ناوەندی فەرهەنگی_هونەری "ڤەژین" ناوەندێکی فەرهەنگی_هونەری، نادەوڵەتی، ناسیاسی و دوور لە قازانجی ماددییە، کە لە هاوینی ساڵی ١٣٨٣ی هەتاوی دەستی بە چالاکی کردووە.
بیاڤی چالاکی ئەو ناوەندە فەرهەنگی و هونەرییە_گرینگیدان بە فولکلۆر و فەرهەنگی ڕەسەنی کوردییە.
"ڤەژین" وشەیەکی کوردییە بە واتای "زیندوو" کردنەوە.
بەشێک لە چالاکانی فەرهەنگی و سیاسی کوردستان پێیان وایە ئەم جۆرە هەوڵانە لەلایەن ناوەندە نیزامی و ئەمنیەتییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران بەتایبەت سپای پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعاتەوە ئەنجام دەدرێت.
هەر لەو پەیوەندییەدا، ناوەندی فەرهەنگی ڤەژین سەبارەت بە ئاگرتێبەردانی ئەو ناوەندە فەرهەنگی و هونەرییە، ڕاگەیەندراوێکیان بڵاو کردەوە.
دەقی ئەو بەیاننامەیە کە بۆ ئاژانسی کوردپا نێردراوە بەم چەشنەیە:
ڕوونکردنەوەیک بۆ ڕای گشتی لەمەڕ سووتێنرانی بنکەی سەرەکیی ناوەندی ڤەژین
بەداخەوە ڕۆژی هەینی ٢٠ی گەلاوێژی ١٣٩٦ی هەتاوی، لە کاتێکدا کە ڕۆژی پشوو بوو و دەفتەری سەرەکیی ناوەندی فەرهەنگی-هونەریی ڤەژین داخرابوو،
لە یەکێک لە ژوورەکانەوە لەلایەن کەسانی نەناسراو ئاگر لە شوێنەکە بەردرا و لەبەر تەنینەوەی ئاگر هەندێک زیانی ماددی لە شوێنەکە کەوت. دەستەی بەڕێوەبەری ڤەژین لەگەڵ ئاگادار کردنەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان و بەڵگەمەند کردنەوەی ڕووداوەکەدا، بە پشکنینی ئاسەواری ڕووداوەکە، لەبەر نەوت ڕێژکرانی شوێنی ئاگر کەوتنەوەکە (نەبوونی کێشە لە نێو سیستەمی کارەبا و...) بەو ئەنجامە گەیشت کە ئاگر کەوتنەوەکە بە ئەنقەست بووە و کاری دەستێکی ڕەشی دژی کولتوور و ژیانەوە بووە.
ناوەندی ڤەژین ئەو کارە بە هەوڵێکی ترسنۆکانە و دژە کولتوور دەزانێت و هەموو ڕێوشوێنێکی یاسایی دەگرێتە بەر کە بکەرانی ئەو ڕووداوە ئاشکرا بکات و بە سزای تاوانەکەیان بگەیەنێت. بەدڵنیاییەوە هەوڵی ئاوا ترسنۆکانە نەک هەنگاومان شل ناکاتەوە بەڵکوو بە زانینی ئەوەیکە هەوڵەکانمان کەسانی بیرتەسکی کتێبسووتێنی تووڕە کردووە، لە دروست بوونی ڕێگاکەمان دڵنیاتر دەبینەوە و ورەمان بەرزتر دەبێت. ناوەندی ڤەژین بەردەوام بەپشتیوانیی خەڵک و بۆ خەڵک هەنگاوی هەڵگرتووە و ئێستایش بەپشتیوانیی خەڵکەوە سوورتر لە جاران لەپێناو بووژاندنەوەی زمان و کولتووری ناوچەدا دەست پێدەکاتەوە.
ناوەندی فەرهەنگی-هونەریی ڤـەژین





