ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کورد لە شاری شنۆ سەر بە پارێزگای ورمێ لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کرا.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنج شەممە ٢٢ پووشپەڕ، هاووڵاتییەکی کورد لە شاری شنۆ لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزرا.
هەواڵنێری کوردپا لە شاری شنۆ شوناسی ئەو هاووڵاتییە کوردەی بە"سیروان سازگار" ڕاگەیاندووە.
دەوترێ، ئەو هاووڵاتییە کوردە لە شوێنی کارەکەی لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراوە.
هێزە ئیتلاعاتییەکان هۆکاری دەستبەسەر کردنی ئەو هاووڵاتییە کوردەیان بە"هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران" ڕاگەیاندووە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لە شوێنی ڕاگرتن و چارەنووسی ئەو هاووڵاتییە کوردە لە بەردەستدا نیە.
بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ساڵی ڕابردوودا ٥٦٤ کەس لە هاووڵاتییانی کورد بە پێی چالاکی سیاسی، وێبلاک نووسی و ژینگەپارێزی دەستبەسەر و هەروەها بۆ ١١٩ کەس لەو هاووڵاتییانە حوکمی زیندان بڕدراوتەوە.





