ئاژانسی كوردپا: لە بەشێك لەناوچەی مێژوویی و كۆنی ئیلام ژمارەیەك پارچە ئاسەواری ئاسن و سواڵەت(سفال) دۆزراوەتەوە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، ژمارەیەك لە كەوناراناسی ئیتالیایی و ئێرانی دوای گەڕان و هەڵدانەوەیەکی زۆر لە ناوچەی " لەلار" سەیمەڕە كۆمەڵێك ئاسەوارییان دەست كەتووە.

ئەو گەڕان و پشكنینە بۆتە هۆی دۆزرانەوەی كۆمەڵێك ئاسەواری مێژوویی سەردەمی ئاسنینین و كۆتاییەكانی دەسەڵاتداریەتیی ساسانییەكان.

بەوتەی سەرپەرەستی ئەو تیمە ئامانج لەو گەڕانانە رزگاركردنی ناوچە و دەوروبەری مێژوویی سەیمەڕەیە كە لە ئەگەری ئاوگیری بەنداوەكەدا نزیك بە لەسەدا ٦٠ی تەپەی مێژوویی لەلار دەچێتە ژێر ئاوەوە.

سواڵەت، گچكاری دیوارەكان و شوێنی چێشت لێنان و كەرەسەكەی و بەردی ئاش بۆ وێنە لەو ئاسەوارانەن كە بە دەستی كەوناراناسی ئیتالیایی و ئێرانی دۆزراونەتەوە.

بۆ دۆزینەوەی ئەو كەلوپەلانە كەڵک لە رێگەی " ئیركۆفیزیك" وەرگیراوە

ماوەیەك لەمەوبەریش توێژەران توانیبوویان بە ئەنجامدانی چەندین لێكۆڵینەوەی زانستی، ئیلام وەكوو یەكەمین شوێنی وەرزێڕی لەقەڵەم بدەن.

ئەو ئاسەوارانە دەرخەری ئەوەن كە ئیلام یەكێک لە شوێنە كشتۆكاڵی و پیشەییەكان لە سەردەمی ساسانییەكان و ئیسلامدا بووە.

ئەو هەواڵە لەحاڵێكدایە كە ناوچەی لەلار بە رووبەری ٣٥ هێكتار ساڵی ١٣١٠ لە ریزی ئاسەوارە میللییەكاندا تۆمار كراوە.

دكتور حەمید فەهیمی سەبارەت بە سەردەمی ئاسنینی دەڵێ‌: ئەو سەردەمە بە دەورانی تێپەڕینی مەفرەغ بۆ سەردەمەكانی دیكەیە و لە سەردەمەدا چەمكەكانی وەكوو ژیان، كۆمەڵایەتی و فەرهەنگی لەلایەن دانیشتوانی فەلاتی ئێرانەوە بە ئیمهام وەرگرتن لە فەرهەنگی دراوسێیەكان ئاڵوگۆڕی بەسەردا هات و تەنانەت هیچكات ئاسن نەیتوانیوە رۆڵێكی یەكلاكەرەوەی لە گۆڕانە فەرهەنگی و ئابووریەكاندا هەبێت.