ئاژانسی كوردپا: گرووپەكانی شاخەوانی، لێژنە وەرزشی و ئۆگرانی و لایەنگرانی قارەمانانی كوردستان یادی و ناوی موقبیل هونەر پەژوەیان لەسەر گڵكۆكەی بەرز نرخاند.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، حەوتەمین ساڵڤەگەری كۆچی دوایی شاخەوانی ناوداری كوردستان و ئێران رۆژی هەینی رێكەوتی ٢٣‌ی خەزەڵوەر لە چیای "بەردە زەرد"ی بۆكان بە بەشداری وەرزشكارەكانی سنە، مەهاباد، سەقز ، نەغەدە و بۆكان بەڕێوە چوو.

گرووپە شاخەوانییەكانی زاگرۆس، ئارارات، بێستوون، فەراز، سوڵتان، شاهۆ، موكریان و سامڕەند لە بەڕێوەبەرانی رێوڕەسمی رێزگرتن لەیاد و ناوی موقبیل هونەر پەژوە بوون.

 

ئەو شاخەوانە كوردە خەزەڵوەری ساڵی ١٣٨٦ لە كێوی بەردەزەردی بۆكان لەكاتی تەمرین و راهێنەریدا هەڵدێرابوو و دوای نۆ رۆژ مانەوەی لەنەخۆشخانە رۆژی ٢٤‌ی خەزەڵوەر لە نەخۆشخانەی عارفیەی ورمێ‌كۆتایی بەژیانی هات.

مەقبل رێكورداری بڕینی چیای لووتسە، چوارەمین چیای بەرزی دونیا بە بەرزایی هەشت هەزار و ٤١٦ میتری لە تەمەنی ١٩ ساڵیدا بوو.

ئەو وەرزشكارە كوردە لە قوتابیانی محەممەد هەوراز شاخەوانی ناودار و ناسراوی كورد بوو كە پووشپەڕی ساڵی ٨٢ لەكاتی بڕینی بەرزایی "گاشربروم ١" بە هۆی رنوو بەفرەوە ٦٠٠ میتر هەڵدێرا و گیانی لەدەست دا و لەو رووداوەدا موقبیل هونەر پەژوەش بریندار ببوو.

موقبیل هونەر پەژوە لەكاتی گیان لەدەستدانیدا تەمەنی ٢٤ ساڵ بوو.