حەفتەکانی دووەمی مانگی خەزەڵوەری ١٣٩٣ی هەتاوی

ئاژانسی کوردپا: راپۆرتی ئەم حەفتەیەی بەرموور ١ حاڵەت پێشێلکردنی مافی ژنان لەکوردستان کە بریتییە لە خۆسووتاندنی ژنێکی گەنج لە سەڵماس و ٣ حاڵەت پێشێلکردنی مافەکانی ژنان کە بریتییە لەدەرکردنی سزای یەک ساڵ زیندان بۆ غونچە قەوامی، دەستبەسەرکردنی مەریەم ساداتی یەحیەوی و پشتڕاستکردنەوەی سزای یەک ساڵ زیندانی بۆ سوسەن تبیانیان لە دادگای پێداچوونەدەوەدا، لەشوێنەکانی دیکەی ئێران لەخۆ دەگرێت.

کوردستـــــــــــان

ژنێکی گەنج لە سەلماس هەوڵی خۆکوژی دا

لەماوەی رۆژانی رابردوودا ژنێکی گەنج لە شاری سەلماس بە هۆی کێشەی خێزانییەوە، لە رێگەی خۆسووتاندنەوە دەستی دایە خۆکوژی.

بەپشت بەستن بە ئاماری تۆمار کراو لەناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی سێ مانگی دووهەمی ئەمساڵ ٦ ژن و کچی کورد بە هۆی کێشەی خێزانییەوە و لە رێگای خۆ سووتاندنەوە کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.

بەپێی ئەو راپۆرتانەی کە بڵاو بوونەتەوە، لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا، ژنێکی تەمەن ١٩ ساڵ بەناوی شەیدا محەمەدی کچی سەید فەتاح بەهۆی کێشەی خێزانییەوە ئاگری لەجەستەی خۆی بەرداوە.

ئەو ژنە گەنجە کە خەڵکی گوندی "خوڕخورەی" سەڵماس بووە، ساڵی رابردوو لەگەڵ کەسێک بە ناوی "ئا" کە دانیشتووی گوندی "کوزەرەش" بووە، ژیانی هاوبەشێ پێک هێناوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، شەیدا محەمەدی بەهۆی قووڵیی برینەکانیەوە لەیەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکانی شاری ورمێ لەژێر چاوەدێریدایە.

ئێـــــــــران

غونچە قەوامی سزای یەک ساڵ زیندانی بۆ بڕایەوە و دەستی دایە مانگرتن.

لەماوەی رۆژانی رابردوودا غونچە قەوامی یەک ساڵ زیندانیی تەعزیری بۆ بڕایەوە و بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین مانی لە خواردن گرت.

غونچە قەوامی سزای یەک ساڵ زیندانی بۆ بڕایەوە

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە و بە پێی راپۆرتێکی رۆژی یەکشەممە ١١ی خەزەڵوەری رۆژنامەی "شرق"، محمود عەلی‌زادە تەباتەبایی پارێزەری خونچە قەوامی رایگەیاندووە، "سەرەڕای ئەوەی کە ئێمەیان ئاگادار کردووە کە حوکمی غونچە دەرکراوە، بەڵام ئەو حوکمە هێشتا رانەگەیەندراوە.

پارێزاەری ناوبراو گوتووشیەتی: سەرۆکی دادگا حوکمەکەی پێشانی من داوە، کە بەپێی ئەو حوکمە غونچە قەوامی سزای یەک ساڵ زیندانیی تەعزیری بۆ بڕاوەتەوە".

لەلایەکی دیکەوە، سوسەن موشتاقیان دایکی غونچە قەوامی رایگەیاندووە؛ کچەکەی بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە نیسبەت ناڕوون بوونی چارەنووسی مانی لە خواردن گرتووە.

غونچە قەوامی، رۆژی ٣٠ جۆزەردانی ئەمساڵ و لەکاتێکدا بۆ بینینی یاریی والیباڵی نێوان یانەکانی ئێران و ئیتالیا چووبووە یاریگەی ئازادی لە تاران، دەستبەسەر و لەوکاتەوە تا ئێستا لە زیندان راگیراوە.

دەستبەسەرکردنی چالاکێکی تووشبوو بە شێرپەنجە لەتاران

لەماوەی رۆژانی رابردوودا مریەم سادات یەحیەوی یەکێک لەچالاکانی مەدەنی دانیشتووی شاری تاران، کە تووشبووی شێرپەنجەیە لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی ئەو شارەوە دەستبەسەر کرا.

مریەم سادات یەحیەوی چالاکی مەدەنی

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، رۆژی دووشەممە ١٢ی خەزەڵوەر، مریەم سادات یەحیەوی چالاکی مەدەنی و یەکێک لە لایەنگرانی حکوومەت کە تووشی شێرپەنجە بووە و سەرقاڵی شیمی دەرمانییە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی شاری تارانەوە دەستبەسەر کراوە.

ئەو چالاکە پێشتر و لە رێبەندانی ١٣٨٩ی هەتاوی بۆ ماوەی یەک ساڵ دەستبەسەر و لەدادگای بەراییدا سزای ٣ ساڵ زیندانی تەعزیری بۆ بڕابوویەوە و دواتر لە دادگای پێداچوونەوەدا بۆ یەک ساڵ زیندانی تەعزیری کەم کرایەوە و جێبەجێ کردنی بەهۆی ناجێگیر بوونی دۆخی تەندروستی و لە سەر داوای پزیشکی یاسایی راگیرا.

سزای زیندانی سوسەن تبیانیان لەدادگای پێداچوونەوەدا پشتڕاست کرایەوە

لەماوەی رۆژانی رابردوودا سزای یەک ساڵ زیندانی تەعزیری و دەستبەسەردا گرتنی هەموو کەلوپەلی تایبەت بە ئایینی بەهایی سوسەن تبیانیان کە پێشتر دەرکرابوو، لەلایەن دادگای پێداچوونەدا پشتڕاست کرایەوە.

سزای زیندانی سوسەن تبیانیان لەدادگای پێداچوونەوەدا پشتڕاست کرا

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە،سوسەن تبیانیان پێشتر لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سمنان بە سەرۆکایەتی دادوەر ئەمیری بە تۆمەتی "پروپاگەندە دژی نیزام" بە یەک ساڵ زیندانی تەعزیری محکوم کرابوو و ئەو حوکمە لەدادگای پێداچوونەوەدا وەک خۆی پشتراست کرایەوە.

سوسەن تبیانیان لەماوەی ساڵەکانی ٨٨ و ٨٩ ی هەتاوی بۆ ماوەی یەک ساڵ لە زیندانی ئێڤین راگیرابوو و ئەمساڵیش دوو مانگ لە دەستبەسەریدا بووە.

سەرچاوەکان:
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا( ١ حاڵەت)
رۆژنامەی"شرق" ( ١ حاڵەت)
ماڵپەڕی "هێرانا"( ٢ حاڵەت)