ئاژانسی كوردپا: دوو زیندانیی سیاسیی كوردی خەڵكی شارەكانی بۆكان و مەریوان كە بۆ گرتووخانەی شاری تەبەس لە ئوستانی خۆراسانی باشوور دوورخراونەتەوە، بە مانگرتن لەخواردن پشتیوانییان لە خەڵكی كۆبانی كرد.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا: محەمەد ئەمین عەبدوڵڵاهی و فەخرەدین فەرەجی هاواری کپ كراوی خۆیان لەرێگەی مانگرتنەوە بۆ پشتیوانی لەكۆبانی و مەحكووم كردنی تیرۆریزم و هێرشەكانی دەوڵەتی ئیسلامی، دەربڕی.

محەمەد ئەمین عەبدوڵڵاهی خەڵكی بۆكان، كە بە تۆمەتی هاوكاری لەگەڵ یەكێک لە حیزبەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حكوومەتی ئیسلامی بە ١٨ ساڵ زیندان و دوورخرانەوە بۆ زیندانی تەبەس حوكم دراوە، پێشتریش مانی لەخواردن گرتووە.

مانگی پووشپەڕ و خەزەڵوەری ١٣٩٢ بە نیشانەی بارودخی نالەباری زیندان و هەروەها ناڕەزایەتی دەبڕین بە شەپۆلی بەربڵاوی لەسێدارەدانی زیندانیان مانی لەخواردن گرتبوو.

فەخرەدین فەرەجی و محەمەد ئەمین عەبدوڵڵاهی بە مانگرتن لەخواردن پشتیوانییان لە خەڵكی كۆبانی كرد

هەر لە مانگی خەزەڵوەری ٩٢دا فەخرەدین فەرەجی زیندانییەكی دیكەی سیاسیی كورد بۆ پشتیوانی لە محەمەد عەبدوڵڵاهی و مەحكووم كرانی بە سێدارە، مانی لەخواردن گرتبوو.

فەخرەدین فەرەجی خەڵكی شاری مەریوان، بە تۆمەتی "ئەمنیەتی" و هاوكاری لەگەڵ حیزبە كوردییەكان،٣٠ ساڵ زیندان و دوور خرانەوە بۆ زیندنای شاری تەبەسی بۆ بڕاوەتەوە.

ئەو دوو هاووڵاتییە كوردە سەرەتای ساڵی ١٣٩٢ لەگرتووخانەی شاری مەهاباد و مەریوانەوە بۆ زیندانی تەبەس دوورخراونەتەوە.

محەممەد ئەمین عەبدوڵڵاهی ماوەی ٩ ساڵ لەمەوبەر لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەكانی شاری بۆكانەوە دەستبەسەر كراوە.

هەرلەو پێوەندییەدا ١٥ كەس لەزیندانییانی سیاسیی گرتووخانەی ناوەندی "ورمێ‌"‌ش لە بەیاننامەیەكدا پشتیوانیی خۆیان لە خۆڕاگریی كۆبانی دەربڕیبوو.

لە بەیاننامەكەدا هاتبوو، " لەو دۆخە هەستیاردە یەكیەتی و هاودەنگ بوون لەگەڵ خۆڕاگریی خەڵک لەكۆبانی، ئەركێكی ئینسانی و نەتەوەیی و هەموو ئینسانێکی ئازادیخوازە".