ئاژانسی کوردپا: کرێکارانی شیرکەتی "سانا" لە بەنداوی داریانی شاری پاوە، ماوەی ٦ مانگە مووچەیان پێنەدراوەو بەوهۆیەوە مانیان لە کار کردن گرتووە.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ماوەی ٢ رۆژە کرێکارانی شیرکەتی "سانا" لە بەنداوی داریانی سەربە شاری پاوە لە ئوستانی کرماشان، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە دواکەوتنی مووچەی ٦ مانگیان، بۆ جارێکی دیکە دەستیان دایەوە مانگرتن.

کرێکارانی ئەو شیرکەتە، کە پێشتر و لە رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١١ی خەرمانان لە بەردەم فەرمانداریی ئەو شارەدا مانیان گرتبوو، لە ئێستاشدا ماوەی ٢ رۆژە لە شوێنی کارەکەیان لە بەنداوی داریان مانیان گرتووەو ناچنە سەر کارەکانیان.
ئەو کرێکارە کوردانە کە زۆربەیان خێزاندار و خەڵکی کەم داهاتی ئەو ناوچەیەن، بەهۆی دواکەوتنی مووچەکەیان تووشی گرفت و فشار بوون و خوازیاری پێدانی خێرای مووچە دواکەوتووەکانیانن، بەڵام هەتا ئێستا بەرپرسانی ئەو شیرکەتە خۆیان لە دانی مووچەکانیان بواردووە.
شیرکەوتی "سانا"، سەرقاڵی دروست کردنی وزەخانەی بەرقیی لەبەنداوی داریانی شاری پاوەیە و ساڵی رابردووش بەهۆی مانگرتنی کرێکارانی ئەو شیرکەتەوە، ١٢ کرێکاری لەسەر کار دەرکردبوو.





