حەفتەیچوارەمی مانگی خەرمانانی ١٣٩٣ی هەتاوی
ئاژانسی کوردپا: راپۆرتی ئەم حەفتەیەی بەرموور ١حاڵەت پێشێلکردنی مافی ژنان لەکوردستان کە مانگرتن لەخواردنی ئەفسانە بایزیدی و ٨ حاڵەت پێشێلکردنی مافەکانی ژنان لە شوێنەکانی دیکەی ئێران کە بریتیە لەبێبەش کرانی سێ کچی بەهایی لەخوێندن، دەستبەسەرکرانی ژنێکی بەهایی لەمەشهەد و پشکنینی خانووی هاووڵاتییەکی دیکە لە شیراز، دەرکردنی حوکمی یەک ساڵ زیندانی بۆ سوسەن تبیانیان و لەسێدارەدانی دوو ژنی دیکە لە زیندانەکانی قەرچەکی وەرامین و رەشت، لەخۆ دەگرێت.
کوردستـــــــــــان
٢١ رۆژ مانگرتنی ئەفسانە بایزیدی و بێدەنگیی میدیاکان
ئەفسانە بایزیدی چالاکی خوێندکاریی دەستبەسەرکراو بۆ ماوەی ٢١ی رۆژە لە نێو بێدەنگی دە٣زگاکانی راگەیاندندا مانی لەخوارد گرتووە .

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، ئەفسانە بایزیدی چالاکی خوێندکاریی کوردی خەڵکی بۆکان، کە بۆ ماوەی ٢ مانگە دەستبەسەر کراوە و ماوەی سێ حەفتەیە مانی لەخواردن گرتووە، رۆژی یەکشەممە لە نۆزدەیەمین رۆژی مانگرتنی خۆیدا باری تەندروستی تێکچووە و گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی ئەو شارە.
ئەفسانە ئیزنی بە پزیشکەکان نەداوە "سیرۆم"یشی لێ وەسڵ بکەن و ئێوارەی رۆژی یەکشەممە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە نەخۆشخانە بردراوەتە دەرەوە.
ئەفسانە بایزیدی رێکەوتی ٥ی پووشپەڕی ئەمساڵ لە شاری بۆکان دەستبەسەر کرا و هەتا ئێستاش بەبێ دادگایی کران، لە ناوەندە ئەمنییەکانی ئە وشارە لەژێر ئەشکەنجەی دەروونی و لێپرسینەوەدایە.
ئەو کچە خوێندکارە کوردە ساڵی رابردووش دەستبەسەر کرا و دواتر لەلایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە حوکمی ٢ ساڵ زیندانیی هەڵپەسێردراوی بۆ بڕایەوە و دواتر بۆ درێژەدان بە خوێندن لە زانکۆی پەیامنووری بۆکانەوە بۆ زانکۆی پەیامنووری شاری مەراغە دوور خرایەوە.
ئێران
ساقی فەدایی سەرلەنوێ دەستبەسەر کرایەوە و خانووی هاووڵاتییەکی بەهایی لە شیراز پشکێندرا
لەماوەی حەفتەی رابردوودا و لەدرێژەی گوشاری ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامی ئێران بۆ سەر پەیڕەوانی ئایینی بەهایی، هاووڵاتییەکی دانیشتووی بەشەهد بۆ جاری دووهەم دەستبەسەر کرا و خانووی هاووڵاتییەکی خەڵکی شیرازیش پشکێندرا.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە،ساقی فەدایی هاووڵاتیی بەهایی دانیشتووی مەشهەد، رۆژی پێنجشەممە ٢٠ی خەرمانان، دوابەدوای بانگهێشت کران بۆ دادسەرای ئینقلابی شاری مەشهەد، دەستبەسەر و بۆ شوینێکی نادیار گوازرایەوە.
ئەو هاووڵاتییە بەهاییە رۆژی سێشەممە، رێکەوتی ١٧ی پووشپەڕ و دوابەدوای هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر خانووەکەی، جارێکی دیکە دەستبەسەر کرابوو.
"مەی خلووسی" دایکی ئەو هاووڵاتییە بەهاییە پێشتر و لە رێکەوتی ١٢ی جۆزەردان هاوڕێ لەگەڵ دوو هاووڵاتیی بەهایی دیکە بەناوەکانی "دەری ئەمری" و "شایان تەفەزولی" لەلایەن هێزەکانی سەر بە وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرابوو.
لەلایەکی دیکەوە، هێزەکانی سەر بە وەزارەتی ئیتلاعات لەشاری شیراز ، رۆژی دووشممە ١٧ی خەرمانان هێرشیان کردە سەر ماڵی هاووڵاتییەکی بەهایی بەناوی "وەحیدە دانا" و سەرەڕای پشکنینی تەواوی خانووەکەی دەستیان بەسەر هەموو کەلوپەلە تاکەکەسییەکانی وەکوو سی دی، وێنە و کتێبە ئایینییەکانیدا گرت.
سێ ژنی بەهایی لە خوێندن بێبەش کران
لەماوەی حفتەی رابردوودا و بە دەستپێکردنەوەی سەرلەنوێی قوتابخانە و زانکۆکان، کۆمەڵگەی بەهایی ئێران شاهیدی بێبەش بوونی بەشێکی دیکە لە پەیڕەوانی ئەو ئایینە لە مافی خوێندن بوو.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، نورا سابت لاوێکی تەمەن ١٨ ساڵی بەهایی بوو کە سەرەڕای ئەوەی توانیبووی پلەی پێویست بۆ خوێندن لە رشتەی پزیشکی بەدەست بێنێت، بەڵام لەلایەن بەرپرسانەوە مافی چوونە زانکۆی لێ زەوت کرا.
لەلایەکی دیکەوە، تارا هۆشمەند هاووڵاتیی بەهایی دانیشتووی شیراز دوابەدوای بەشداریکردن لە تاقیکردنەوەی سەرتاسەریی ئەمساڵ و سەرەڕای سەرکەوتینیشی لە تاقیکردنەوەکەدا، لە مافی خوێندن بێبەش کرا.
هەروەها، لەماوەی رۆژانی رابردوودا فەرناز رۆحانی خوێندکاری تێرمی چواری وەرگێڕانی زمانی ئینگلیسی بە هۆی بڕوامەند بوون بە "ئایینی بەهایی" لەزانکۆی ئازادی شیراز دەرکرا.
ناوبراو لە رەزبەری ساڵی ١٣٩١ی هەتاوییەوە کەلە زانکۆ بووە و هەتا ئێستا ٧٣ ماددەی دەرسی تێپەڕاندبوو.
بەدواداچوونەکانی ئەو هاووڵاتییە بەهاییە بێ وڵام ماوەتەوە و دواتر روون بۆتەوە کە ناوبراو بە فەرمانی "حەراسەتی گشتیی تاران" لە زانکۆ دەرکراوە.
بەپشت بەستن بە ئاماری تۆمار کراو لەناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەماوەی ساڵی خوێندنی ٩١_٩٢ بەرپرسانی زانکۆکانی ئێران ٦ هاووڵاتی کچیان بەهۆی پەیڕەوی لە ئایینی بەهایی لە زانکۆکان دەرکردووە .
سووسەن تبیانیان یەک ساڵ زیندانی تەعزیری بۆ بڕایەوە
سوسەن تبیانیان یەکێک لە هاووڵاتیانی بەهایی دانیشتووی سیمنان، لەلایەن دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە یەک ساڵ زیندانی تەعزیری بۆ بڕایەوە.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، ئەو هاووڵاتییە بەهاییە لەلایەن لقی یەکەمی دادگای ئینقلابی شاری سیمنانەوە بە دادوەریی (ئەمیری) بە تۆمەتی "پروپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامی"، یەک ساڵ زیندانی تەعزیری بۆ برایەوە.
سوسەن تبیانیان لەماوەی ساڵەکانی ٨٨ و ٨٩ بۆ ماوەی ١ ساڵ لە زیندانی ئێڤین راگیرابوو و ئەمساڵیش چەند مانگێک دەستبەسەر کرابوو.
دوو ژنی دیکە لە وەرامین و رەشت لەسێدارە دران
لەماوەی حەفتەی رابردوودا و بە جێبەجێکردنی سزای سێدارەی دوو ژنی دیکە لەوەرامین و رەشت، رێژەی ئەو ژنانەی کە لەماوەی ٦ مانگی رابردوودا لەسێدارە دراون گەیشتە ١٣ حاڵەت.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، رۆژی چوارشەممە ١٩ی خەرمانان، سزای سێدارەی یەکێک لە ژنانی زیندانی لە زیندانی قەرچەکی وەرامین بەڕێوە چوو.
ئەو ژنە کە شووناسی بۆ میدیاکان ئاشکرا نەکراوە ، بە تۆمەتی کڕین و فرۆشتنی ماددە سڕکەرەکان سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.
لەلایەکی دیکەوە، رۆژی پێنجشەممە ٢٠ی خەرمانان، ژنێکی تەمەن ٦٠ ساڵ کە شوناسی رانەگەیەندراوە بە تاوانی "کوشتنی ئەنقەست" لە زیندانی ناوەندیی شاری رەشت لەسێدارە درا.
بەپشت بەستن بەو ئامارانەی کە لەناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بڵاو کراوەتەوە، لەسەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا( ٢٦ی خەرمانانی ١٣٩٣) سزای لەسێدارەدانی ١٣ ژن لە زیندانەکانی ئێران بەڕێوە چووە.
سەرچاوەکان:
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا (١حاڵەت)
ماڵپەڕی "هیرانا"( ٧ حاڵەت)
ماڵپەڕی "جمعیت مبارزە با تبعیض تحصیلی" ( ١ حاڵەت)





