بەرموور: حەفتەی چوارەمی مانگی پووشپەڕ ١٣٩٣ی هەتاوی
ئاژانسی کوردپا: راپۆرتی ئەم حەفتەیەی بەرموور ١حاڵەت پێشێلکردنی مافی ژنان لەکوردستان، ناڕوونی چارەنووسی ئەفسانە بایزدی و ٣ حاڵەت پێشێلکردنی مافەکانی ژنان لە شوێنەکانی دیکەی ئێران وەک: بانگهێشت کرانی دوو رۆژنامەنووس بۆ تێپەڕاندنی حوکمەکەیان و دەستبەسەرکردنی هاوڵاتییەکی بەهایی لە مەشهەد، لەخۆ دەگرێت.
کوردستـــــــــــان
چارەنووسی ئەفسانە بایزدی ناڕوونە
کۆتاییەکانی مانگی جۆزەردان، ئەفسانە بایزدی کچە خوێندکاری کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی شاری بۆکانەوە دەستبەسەر کراو هەتا ئێستا چارەنووسی ناڕوونە.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، چارەنووسی ئەفسانە بایزدی کچە خوێندکاری کورد کە رۆژی پێنجشەممە ٢٩ی جۆزەردان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی شاری بۆکانەوە دەستبەسەر کرابوو، ناڕوونە.
یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی ئەو کچە خوێندکارە رایگەیاندووە، مەئموورانی وەزارەتی ئیتلاعات بە باوکی ئەفسانە بایزیدیان راگەیاندووە، کچەکەت لێرە نەماوەو بۆ قەرارگای سوپای پاسداران لە دەرەوەی شاری بۆکان، کە لەسەر جاددەی سایین قەڵا هەڵکەوتووە، راگوێزراوە.
هەمان سەرچاوە گوتووشیەتی: کاتێک باوکی ئەفسانە سەردانی قەرارگای سوپای پاسدارانی کردووە، پێی گوتراوە؛ "کچەکەت لێرە نییەو ئێمە ئاگاداری دەستبەسەر کرانی ناوبراو نین".
ئەو کچە خوێندکارە، کەلە زانکۆی پەیامنووری شاری بۆکانەوە بۆ زانکۆی مەراغە دوور خرابوویەوە، بەهۆی دەماقاڵە لەگەڵ (خواهرانی زینبە)ی نێو زانکۆ، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری بۆکانەوە دەستبەسەر کراوە.
ئەفسانە بایزیدی، رێکەوتی ٢٥ی خەزەڵوەری ساڵی ٩٢ هاوڕێ لەگەڵ براکەی دەستبەسەر و دواتر بە ١٠٠ ملوێن بارمتە ئازاد کراو پاشان لە مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵدا بە تۆمەتی هاوکاری لەگەل یەکێک لە حیزبە کوردییەکان ٢ ساڵ زیندانیی هەڵپەسێردراوی بۆ بڕایەوە.
ئێــــــــــــران
مەرزیە رەسوڵی و ساجیدە عەرەبسورخی بانگهێشتی زیندانی ئێڤین کران
لەماوەی حەفتەی رابردوودا مەرزیە رەسوڵی و ساجیدە عەرەبسورخی بەمەبستی تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەیان بانگهێشتی زیندانی ئێڤین کران.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، رۆژی سێشەممە ١٧ی پووشپەڕ، مەرزیە رەسوڵی یەکێک لە رۆژنامەنووسە رخنەگرەکانی ئێران، بەمەبەستی تێپەڕاندنی حوکمەکەی، کە ٢ ساڵ زیندانی تەعیزرییە، لەگەڵ ٥٠ زەربە قامچی، بانگهێشتی دادسەرای زیندانی ئێڤین کرا.
مەرزیە رەسووڵی رۆژنامەنووس و رخنەگری حکوومەت، بەفرانباری ساڵی ١٣٩٠ی هەتاوی لەماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەر کرابوو و رەشەممەی هەمان ساڵ و دوای نزیک بە ٤٥ رۆژ بەدانانی بارمتە ئازاد کرابوو.
ئەو رۆژنامە نووسە لە چەندین رۆژنامە وەکوو "شرق" و "اعتماد" کاری کردووە.
لەلایەکی دیکەوە، ساجیدە عەرەبسورخی رۆژنامەنووس و یەکێک لە چالاکانی مەدەنی شاری تاران، دوای گەڕانەوەی بۆ نێوخۆی وڵات وێڕای دەستبەسەرداگرتنی پاسپۆرتەکەی بەمەبستی لێپرسینەوە بانگهێشت کراوە.
ناوبراو کە کچی فەیزوڵڵا عەرەبسورخی یەکێک لەئەندامانی شورای ناوەندی رێکخراوی موجاهیدینی شۆڕشی ئیسلامی ئێران لەو بارەیەوە لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لەفەیسبووک نووسیویەتی " بەمەبەستی جێبەجێکردنی حکومێک کە هێشتا بە من رانگەیەندراوە، بانگهێشت کراوم. سەرەنج راکێشتر ئەوەیە کە دوای یەک کاتژمێر بۆ لێپرسینەوە بانگهێشتی سوپای پاسداران کرام."
ساجیدە عەرەبسورخی هەتا ئێستا بەدانانی بارمتەی ٣٠٠ ملوێن ئازاد بووە و لەلایەن دادگاوە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" ی خراوەتە پاڵ.
دەستبەسەرکرانی هاوڵاتییەکی بەهایی لە مەشهەد
لەماوەی حەفتەی رابردوودا و لەدرێژەی دەستبەسەر کردنی چالاکانی بەهایی، هاوڵاتییەکی دیکەی پەیڕەوی ئایینی بەهایی لە شاری مەشهەد دەستبەسەر کرا.

بە پێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، رۆژی سێشەممە ١٧ی پووشپەڕ، هێزە ئەمنییەکانی شاری مەشهەد چوونەتە ماڵی هاوڵاتییەکی بەهایی دانیشتووی ئەو شارە بەناوی "ساقی فەدایی" و دەستبەسەریان کردووە.
هەتا ئێستا هیچ زانیارییەک لە چارەنووسی ناوبراو و شوێنی راگرتنی لە بەردەستدا نییە.
"مەی خلووسی" دایکی ئەو هاوڵاتییە بەهاییە پێشتر و لە رێکەوتی ١٢ی جۆزەردان هاوڕێ لەگەڵ دوو هاووڵاتی بەهایی دیکە بەناوەکانی "دەری ئەمری" و "شایان تەفەزولی" لەلایەن هێزەکانی سەر بە وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرابوون کە هەتائێستاش لە ژێر لێپرسینەوە و لێکۆڵینەوەدان.
سەرچاوەکان:
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا ( ١ حاڵەت)
ماڵپەڕی هێرانا ( ٢ حاڵەت)
ماڵپەڕی رادیۆ فەردا (١ حاڵەت)





