بەرموور: حەفتەی دووهەمی مانگی پووشپەڕ ١٣٩٣ی هەتاوی

ئاژانسی کوردپا: راپۆرتی ئەم حەفتەیەی بەرموور ٣ حاڵەت پێشێلکردنی مافی ژنان لەکوردستان، کە بریتییە لە دەستبەسەرکردنی سەر لەنوێی ئەفسانە بایزیدی و خۆکوژیی دو ژن لە روانسەر و سەلاسی باوەجانی و ٨ حاڵەت پێشێلکردنی مافەکانی ژنان کە دەستبەسەر کرانی سێ ژنی مەسیحی و دوو ژنی بەهایی لەشارەکانی شیراز، تاران و یەزد و درێژکردنەوەی ماوەی دەستبەسەریی سەبا ئازەرپەیک و گوازرانەوەی نیگار حائیری بۆ زیندانی قرچەک و ئازادیی لوا خانجانی لەشوێنەکانی دیکەی ئێران، لەخۆ دەگرێت.

کوردستـــــــان

ئەفسانە بایزدی سەرلەنوێ دەستبەسەر کرایەوە

لەماوەی رۆژانی رابردوودا، ئەفسانە بایزدی کچە خوێندکاری کوردی خەڵکی بۆکان، سەرلەنوێ لەلایەن هێزەکانی سەر بە وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، ئەفسانە بایزدی خوێندکاری کورد، سەر لەئیوارەی رۆژی پێنج‌شەممە ٢٩ی جۆزەردان، لەلایەن هێزەکانی سەر بە وەزارەتی ئیتلاعاتی شاری بۆکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزراوە.

ئەفسانە لە زانکۆی پەیام‌نووری شاری مەراغەو لەلایەن "خواهران زینبە"وە سووکایەتی پێکراوەو بەهۆی ئەوەیکە پێشتر دەستبەسەر و بە زیندان مەحکووم کرابوو، لەلایەن "خواهرانی زینب"ـەی ناو زانکۆوە بەرەوڕووی بێ‌رێزی سووکایەتی بۆتەوە و بە "عوامل ضد انقلاب" بانگیان کردووە، کە بەو هۆیەوە لەگەڵ ئەو کەسانە بە کێشە هاتووە و دوای گەڕانەوە بۆ بۆکان دەستبەسەر کراوە.

ئەو خوێندکارە تەمەن ٢٨ ساڵەیە، ٢٥ی خەزەڵوەری ساڵی رابردوو هاوڕێ لەگەڵ براکەی بەناوی شاهۆ بایزیدی بەتۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزێسیۆنی ئێران" دەستبەسەر کران و پاش ٢٣ رۆژ راگیران لە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری بۆکان بەدانانی بارمتەی ١٠٠ ملیۆن تمەنی ئازاد کرابوون.

ئەفسانە بایزدی سەرەتای مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵ لەلایەن دەزگای قەزایی ئێرانەوە بە ٢ ساڵ زیندانیی تەعلیقی مەحکوم کرا و دواتر بۆ درێژەدانی خوێندن بۆ زانکۆی پەیامی نووری شاری مەراغە دوور خرایەوە.

خۆکوژیی دوو ژن لە روانسەر و سەلاسی باوەجانی

لەماوەی حەفتەری رابردوودا دوو ژن لە شارەکانی روانسەر و سەلاسی باوەجانی لە ئوستانی کرماشان، دەستیان دایە خۆکوژی و گیانیان لەدەست دا.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٢ی پووشپەڕ، ژنێک بەناوی فەرەحناز ستایی دانیشتووی گوندی "روتوەندی شاری روانسەر ، لە رێگای خۆ هەڵواسینەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

ئەو ژنە، تەمەنی ٤٦ ساڵ و دایکی ٤ منداڵ بووە و بەهۆی کێشەی خێزانییەوە دەستی داوەتە خۆکوژی.

لەلایەکی دیکەوە، رۆژی هەینی رێکەوتی ٦ی پووشپەڕ، ژنێکی دیکە بەناوی "رێزان" دانیشتووی شاری تازاوای سەلاسی باوەجانی خۆی هەڵواسی و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

ئەو ژنە هاوسەری " س . میرزایی" بووە و بەهۆی کێشەی خێزانییەوە هەوڵی خۆکوژی داوە.

بەپشت بەستن بە ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەسەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا ٢٢ ژن و کچی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران دەستیان داوەتە خۆکوژی و کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.

ئێــــــــــران

دەستبەسەرکرانی ٣ ژنی مەسیحی لە ئوستانی فارس

لەماوەی رۆژانی رابردوودا هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران ٣ ژنی مەسیحییان لە ئوستانی فارس دەستبەسەر کرد.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، لە درێژەی گوشاری هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر هاوڵاتییانی مەسیحی، رۆژی هەینی رێکەوتی ٣٠ جۆزەردان، ٣ ژنی مەسیحی هاورێ لەگەڵ ٢ پیاو لەیەکێک لە کەنیسەکانی ئوستانی فارس دەستبەسەر کران.

ناسننامەی ئەو سێ ژنە "بانوو فەرخوندە"، "میترا ستوودە" و "پەرەستوو شەهابی" راگەیەندراوە.

ئەو سێ ژنە لەگەڵ دو وپیاوی دیکە بەناوەکانی فەزڵی و محەمەد رەزا لەلایەن هێزەکانی سەر بە وەزارەتی ئییتلاعاتەوە لە ماڵی فەزڵی، کە هاوسەری بانوو فەرخوندە بووە، دەستبەسەر کراون.

دەگوترێت هێزە ئەمنییەکانی لە کاتی دەستبەسەر کردنی ئەو هاوڵاتییە مەسیحیانەدا، خانووەکەی فەزڵی‌یان پشکنیوەو دەستیان بەسەر کەرەستە تاکە کەسییەکانی ناوبراودا گرتووە.

هەتا ئێستا لە شوێنی راگیرانی ئەو ٥ هاوڵاتییە مەسیحییە هیچ هەواڵێک لە بەردەستدا نییە.

دەستبەسەر کرانی دوو ژنی بەهایی لە تاران و یەزد

لەماوەی حەفتەی رابردوو هاوڵاتییەکی بەهایی بەمەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی، خۆی بە زیندانی ئێڤین ناساند و ٢ هاوڵاتییەکەی دیکەش لەشاری یەزد دەستبەسەر کرا.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، شەمیس موهاجر هاوڵاتی بەهایی دانیشتووی تاران بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی، کە ١ ساڵە زیندنایی تەعزیرییە، خۆی بە زیندانی ئێڤین ناساند.

ئەو هاوڵاتییە بەهاییە، پووشپەڕی ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی دەستبەسەر و دوای ماوەیەک بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.

شەمیس موهاجر، دواتر لەلایەن لقی ٢٨ی دادگای ئینقلابی تارانەوە بە تۆمەتی "پروپاگەندە دژی نیزام" و "پێکهێنانی گرووپی نایاسایی" بە ١ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا.

شەهاب دێهقانی هاوسەری ئەو هاوڵاتییە بەهاییە، ٤ ساڵ زیندانی تەعزیری بۆ بڕاوەتەوە و ئێستا لە زیندانی رەجایی شاری کەرەج سەرقاڵی تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەیەتی.

لەلایەکی دیکەوە، رۆژی شەممە رێکەوتی ٨ی پووشپەڕ، چالاکێکی ژنی پەیڕەوی ئایینی بەهایی بەناوی تەناز محەمەدی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی سەر بە وەزارەتی ئیتلاعاتی شاری یەزدەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزراوە.

هەتا ئێستا هیچ هەواڵێک لە هۆکاری دەستبەسەرکران و شوێنی راگیرانی لە بەر دەستدا نییە.

ماوەی دەستبەسەر کرانی سەبا ئازەرپەیک درێژ کرایەوە

لەماوەی حەفتەی رابردوودا ماوەی دەستبەسەرکرانی سەبا ئازەرپەیک بۆ مانگێکی دیکە درێژ کرایەوە.

سەبا ئازەرپەیک، رۆژنامەنووسی رۆژنامەکانی "اعتماد" و "تجارت فردا"

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، سەرەڕای تەواوبوونی ماوەی یەک مانگ دەستبەسەرکرانی سەبا ئازەرپەیک، رۆژنامەنووسی رۆژنامەکانی "اعتماد" و "تجارت فردا"، ماوەی دەستبەسەرکرانی ناوبراو بۆ مانگێکی دیکە درێژ کرایەوە.

پێشتر مەحموود عەلیزادە تەباتەبایی، پارێزەری دۆسیەی سەبا ئازەر پەیک، رایگەیاندبوو: سەبا ئازەرپەیک لەلایەن لقی ٢ی دادسەرای فەرهەنگ و راگەیاندنەوە تۆمەتی "الاکی دژی نیزام"ی خراوەتە پاڵ.

چوارشەممە رێکەوتی ٧ی جۆزەردان، دوابەدەوای هێرشی هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێران بۆ سەر دەفتەری کارەکەی لە رۆژنامەی "تجارت فردا" دەستبەسەر کرابوو.

ئەو رۆژنامەنووسە دۆسیەی مەرگی ستار بەهەشتی، ڤێبلاگنووسی کوژراوی لە میدیاکاندا وروژاندەوەو دۆسیەی کوژرانەکەی گەیاندە مەجلیسی ئیسلامی.

نیگار حائیری بۆ تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی رەوانەی زیندان کرا

لەماوەی حەفتەی رابردوودا نیگار حائیری کچی زیندانی سیاسی، ماشاڵڵا حائیری، بەمەبستی تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی رەوانەی زیندانی قرچەکی وەرامین کرا.

نیگار حائری، پارێزەر

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، نیگار حائیری کە ئەرکی پارێزەری باوکیشێ لەئەستۆ بوو، زیاتر لە ٢٠ رۆژە بە مەبستی تێبەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی، کە ١ ساڵ زیندانیی تەعزیرییە، بۆ زیندانی قرچەکی وەرامین گوازراوەتەوە.

ناوبراو لەلایەن لقی ٢٦ی دادگای ئینقلابی تارانەوە بە سەرۆکایەتی دادوەر پیرعەباسی بە ١ ساڵ زیندانی تەعزیری حوکم درابوو.

نیگار حائری، کە خاوه‌ن بڕوانامەی ماستەری مافناسییە‌و ("مۆڵەت"پەروانە)ی پارێزەرییە،بانەمەڕی ساڵی ١٣٩٢ هاوڕێ لەگەڵ دایکی بە تۆمەتی لایەنگری لە "رێکخراوی موجاهدینی خەلقی ئێران" دەستبەسەر و دواتر بە دانانی بارمتەی ٥٠ ملیۆن تمەنی ئازاد کرابوو.

ناوبراو بۆ جاری دووەم لە رێکەوتی ١ی پووشپەڕی دا١٣٩١ دەستبەسەر و دواتر لە ١٣ی خەزەڵوەڕی هەمان ساڵداو پاش ٥ مانگ دەستبەسەر کران، بە دانانی بارمتەیەکی ٣٠٠ ملیۆن تمەنی ئازاد کرابوو.

لوا خانجانی ئازاد کرا

لەماوەی رۆژانی رابردوودا لوا خانجانی هاووڵاتیی بەهایی دانیشتووی تاران، دوای تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی لە زیندان ئازاد کرا.

لوا خانجانی، خوێندکاری بێبەش کراو لە خوێندن و هاووڵاتیی بەهایی

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، لوا خانجانی خوێندکاری بێبەش کراو لە خوێندن و هاووڵاتیی بەهایی دوای تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی کە دوو ساڵ زیندانیی تەعزیری بوو، لە زیندانی ئێڤین ئازاد کرا.

لوا خانجانی رێکەوتی ١٣ی بەفرانباری ١٣٨٨ هاوڕێ لەگەڵ هاوسەرەکەی بە ناوی بابەک موبەشیر، دەستبەسەر و لەئەنجامدا لەلایەن لقی ٥٤ی دادگای پێداچوونەوە ئوستانی تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر موەحید، ٢ ساڵ زیندانی تەعزیری بۆ پشتڕاست کرابوویەوە.

سەرچاوەکان:
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا ( ٣ حاڵەت)
ماڵپەڕی هێرانا ( ٤ حاڵەت)
ماڵپەڕی کۆمیتەی هەواڵنێرانی مافی مرۆڤ ( ٤ حاڵەت)