كوردپا: نوێ‌ترین ژمارەی گۆڤاری هایا، کە شەشەمین ژمارەی چاپی ئەو گۆڤارەیە، لەشاری مەریوان و لە ٢٢٠ لاپەڕەدا چاپ و بڵاو كرایەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، ژمارەی ٦‌ی گۆڤاری هایا كۆمەڵێك وتار و شێعر و چیرۆك و لێكۆلینەوەی لەخۆ گرتووە و گۆڤارەكە چەندین بابەتی لەخۆ گرتووە و لە دوو بەشی زمانی كوردی و فارسی پێكهاتووە.

ئەم ژمارەیەی گۆڤاری هایا بۆ "ئەدەبیاتی زارەكیی كوردی" تەرخان كراوەو لەو بارەیەوە بەڕێوەبەرانی گۆڤارەكە چەندین بابەتی نووسەران و لێكۆڵەرانیان تێدا گونجاندووە.

ژمارەی شەشی گۆڤاری هایا پێشكەشی مامۆستای كۆچكردوو محێدین حەقشناس کراوەو دەستەی بەڕێوەبەریی گۆڤارەكە فایلی ژمارەی داهاتووی "هایا"‌یان بۆ فەلسەفە، ئەدەب و هونەری منداڵان تەرخان كردووە.

بوون لە روانگەی "نالی"، رەخنە و ناساندنی كتێبی شێخ عوبەیدوڵڵای شەمزینی، یادداشتێك لە سەر شێعری نوێی دەیەی رابردوو و پەڕتووكی"دێڕ" پاشكۆی حەفتەنامەی (دیار كهن)، توێژینەوەیەك لەسەر دەنگناسیی زمانی كوردی، هەڵچوون و داچوونی دەریا، من ژنێك دەناسم، توێژینەوەیەك لەبارەی ئەدەبی زارەكی و خەسڵەتەكانی، فەرهەنگی زارەكی موكریان و ئینسکلۆپێدیایەكی ناوچەیی، هەندێك بیر و بۆچوونی فۆلكلۆریكی كوردی بەشێک لەو کۆمەڵە بابەت و شێعرانە بوون، کەلە گۆڤارەکەدا گونجێندراون.

خاوەن ئیمتیازی گۆڤاری هایا، ئازاد محەممەدی و ئەركی سەرنووسەرییەكەشی لەئەستۆی "ئەنوەر رەوشەنی"یە.