بەرموور: حەفتەی سێیەمی مانگی جۆزەردانی ١٣٩٣ی هەتاوی
ئاژانسی کوردپا: راپۆرتی ئەم حەفتەیەی بەرموور ٣حاڵەتی پێشێلکردنی مافی ژنان لەکوردستان، کە خوکوژی دوو ژن لەسەردەشت و دوور خرانەوەی ئەفسانە بایزیدی بۆ زانکۆی پەیامی نووری مەراغە و ٤ حاڵەت پێشێلکردنی مافەکانی ژنان، کە دەستەسەرکردنی ٣ چالاکی ژنی بەهایی لەشارەکانی سیمنان و مەشهەد و جێبەجێ کردنی حوکمی زیندانی مەهناز محەممەدی لەشوێنەکانی دیکەی ئێران لەخۆ دەگرێت.
کوردستـــــــــــان
خۆکوژیی دوو ژن لە سەردەشت
لەماوەی حەفتەی رابردوودا، دوو ژن لە شاری سەردەشت دەستیان دایە خۆکوژی و کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا. بەپێی ئەو ئامارانەی کە تۆمار کراون لەسەرەتای ئەمساڵەوە ١٦ ژن و کچی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، رۆژی هەینی ٩ی جۆزەردان، ژنێکی تەمەن ٢٩ ساڵ بەناوی هەڵاڵە محەمەدی دانیشتووی گوندی (بناوێڵە)ی سەردەشت دەستی دایە خۆکوژی و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
هۆکاری خۆکوژیی ئەو ژنە تەمەن ٢٩ ساڵەیە، هەتا ئێستا روون نەبووەتەوە.
هەڵاڵە محەمەدی لەرێگەی خۆهەڵواسینەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.
لەلایەکی دیکەوە، ژنێکی تەمەن ٤٦ ساڵەی دانیشتووی گوندی (لیلانە)ی بەخشی رەبەت سەر بەشاری سەردەشت کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
سەبری هەلوی، کە دایکی ٥ منداڵ بووە، رۆژی دووشەممە ١٢ی جۆزەردان ئاگری لەجەستەی خۆی بەردابوو، کە لەئەنجامدا بووە هۆی گیان لەدەستدانی.
ناوبراو بەهۆی کێشەی خێزانییەوە هەوڵی خۆکوژی دابوو.
بەپشت بەستن بە ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەسەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا ١٦ ژن و کچی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران دەستیان داوەتە خۆکوژی و کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.
ئەفسانە بایزیدی بۆ زانکۆی پەیامی نووری مەراغە دوورخرایەوە
لەماوەی حەفتەری رابردوودا ئەفسانە بایزیدی کچەخوێندکاری دانیشتووی شاری بۆکان کە ماوەیەک بەرلەئێستا لەگەڵ براکەی دەستبەسەر کرابوو، لە زانکۆی پەیامی نووری بۆکانەوە بۆ زانکۆی پەیامی نووری مەراغە دوور خرایەوە.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، ئەفسانە بایزیدی خوێندکاری زانکۆی پەیامی نووری بۆکان و تەمەن ٢٨ ساڵ بەمەبستی درێژەدان بە خوێندن، بۆ زانکۆی پەیامی نووری مەراغە دوور خراوەتەوە.
ئەو کچە خوێندکارە، ٢٥ی خەزەڵوەری ساڵی رابردوو بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکومەتی ئێران" لەگەڵ براکەی بەناوی شاهۆ، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە لەماڵەکەی خۆیاندا دەستبەسەر و دوای ٢٣ رۆژ راگیران لە ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکان بەدانانی بارمتەی ١٠٠ ملیۆنی ئازاد کرابوون.
ئەفسانە بایزیدی سەرەتای خاکەلێوەی ئەمساڵ لەلایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامی ئیرانەوە بە ٢ ساڵ زیندانی هەڵپسێردراو حوکم درابوو.
ئێــــــران
دەستبەسەرکرانی ٣ چالاکی بەهایی لە سیمنان و مەشهەد
لەماوەی حەفتەی رابردوودا، سێ هاوڵاتی پەیڕەوی ئایینی بەهایی لەشارەکانی سیمنان و مەشهەد، لەلایەن هێزەکانی وەزاەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کران.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، رۆژی شەممە ١٠ی جۆزەردان، سوسەن تەبیبیان هاوڵاتی بەهایی و دانیشتووی شاری سیمنان لەلایەن مەئموورانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لەو شارە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.
ئەو هێزانە لەکاتی دەستبەسەرکردنی سوسەن تەبیبیان دەستیان داوەتە پشکنینی ماڵی ناوبراو و دەستیان بەسەر کەیسی کۆمپیۆتەر، وێنە و کتێبە مەزهەبییەکانی ناوبراودا گرتووە.
لەلایەکی دیکەوە، رۆژی دووشەممە ١٢ی جۆزەردان، ٢ چالاکی بەهایی بەناوەکانی "دەری ئەمری" و "مەی خولوسی" هاوڕێ لەگەڵ کەسێکی دیکە بەناوی "شایان تەفەزولی"، لەلایەن هێزەک ئیتلاعاتییەکانی شاری مەشهەدەوە دەستبەسەر کران.
ئەو هاوڵاتییانە دوابەدوای کۆبوونەوەیەکی مەزهەبی لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراو دواتر لەلایەن ئەو هێزانەوە ماڵەکانیان پشکێندراوە و دەست بەسەر لەبتۆب و کۆمەڵێک کەلوپەلی شەخسیشیاندا گیراوە.
حوکمی ٥ ساڵ زیندانیی مێهناز محەمەدی چووە قۆناغی جێبەجی کردنەوە
لەماوەی حەفتەی رابردوودا حوکمی ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری مێهناز محەمەدی، دێکۆمێنتساز و یەکێک لە چالاکانی مافی ژنان بۆ تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی رەوانەی زیندنای ئێڤین کرا.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە،ر ۆژی شەممە رێکەوتی ١٧ی جۆزەردان، مێهناز محەمەدی خۆی بە بەشی ئیجرای ئەحکامی زیندانی ئێڤین ناساند و دواتر بەمەبستی تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی بۆ بەندی ژنانی زیندانی ئێڤین گوازرایەوە.
مێهرناز محەمەدی مانگی رەزبەری ١٣٩١ی هەتاوی بە تۆمەتی "کۆبوونەوە دژی تەناهی وڵات" و "پروپاگەندە دژی نیزام" دادگایی کرا و خەزەڵوەری هەمان ساڵ بە ٥ ساڵ زیندان مەحکووم کرا. ئەو حوکمەی ناوبراو دواتر و لەدادگای پێداچوونەوەدا وەک خۆی پەسەند کرایەوە.
سەرچاوەکان:
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا ( ٣ حاڵەت)
ماڵپەڕی هێرانا ( ٣ حاڵەت)
ماڵپەڕی "کۆمیتەی هەواڵنێرانی مافی مرۆڤ" ( ١ حاڵەت)





