ئاژانسی کوردپا: گۆڤاری رامیاری، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و ئەدەبیی "خۆرهەڵات"، کە گۆڤارێکی خویندکارییە، بە مژاری سەرەکیی ژینۆساید، لەلایەن خوێندکارە کوردەکانی زانکۆی کوردستانەوە لە شاری سنە، چاپ و بڵاو کرایەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ شەممە ریکەوتی ١٧ی جۆزەردان، ژمارەی ١٣ی گۆڤاری خوێندکاریی خۆرهەڵات لەسەر پرسی ژینۆساید و جەخت کردنەوە لەسەر ژینۆسایدی فەرهەنگی لە "کوردستانی یەکگرتوو(هەر چواربەشی کوردستان)"دا، لەو زانکۆیە بڵاو کرایەوە.

لێکدانەوەیەکی سەرەکی لە سەر کاریگەری ژیننۆساید لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سەردەشت ڕۆژێکی دیکەی کیمیایی و مردنە بە ناو چاوانی مێژووەوە، ناسیۆنالیزم و سیاسەتی ناسیۆنالیزم و "آیندەی کردستان عراق از دیدگاه مسعود بارزانی" (داهاتووی کوردستانی عێراق لە روانگەی مەسعوود بارزانی‌یەوە) بەشێک لە وتارە کوردی و فارسییەکانی ژمارە ١٣ی خۆرهەڵات بوون.

هەروەها وتاری مێژووی "کوردانی سوودان" لە نووسینی مێهرداد ڕەحیمیان (سەرپەرستی بەشی زانستیی گۆڤاری رۆژهەڵات)، کە باس لە بەسەرهات و مێژووی کوردانی پەنابەر لە وڵاتی سوودان دەکات، وەک دیارترین وتاری ئەم ژمارەیەی گۆڤاری خوێندکاریی رۆژهەڵات لە قەڵەم دراوە.

گۆڤاری خوێندکاریی خۆرهەڵات، کە گۆڤارێکی خوێندکارییە و تەنیا لە زانکۆی کوردستان بڵاو دەکرێتەوە، ئەمڕۆ شەممە لە نێو خوێندکارە کوردەکانی ئەو زانکۆیەدا لە شاری سنە بڵاو کرایەوە.