ئاژانسی کوردپا: کتێبێکی تایبەت بە موسیقا و ئاوازی کوردی، لەلایەن فەرهەنگسەرای نەکەرۆزەوە لەشاری سەقز چاپ و بڵاو کرایەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ کتێبی "زایەڵە" لەنووسین و ئامادەکردنی مامۆستا عەلی عابدی چاپ و بڵاو کرایەوە و کەوتە بەردیدی ئۆگرانی هونەر و مۆسیقای کوردی.

ئەو کتێبە ٣١ ئاوازی کوردی لەخۆ گرتووە لەسەر ئامێرەکانی تار، سێ‌تار و سەنتوور نووسراوەوە.

مامۆستا عەلی عابدی، هونەرمەندی کوردی خەڵکی شاری سەقز

سەرچاوەیەکی ئاگادار بەهەواڵنێری کوردپای راگەیاند، ئەو بەرهەمە پێشتر لەلایەن ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی تارانەوە ئیزنی بڵاوبوونەوەی پێنەدرابوو، بەڵام دواتر بەهۆی بەدواداچوون و پێداگری مامۆستا عەلی عابدی‌یەوە، مۆڵەتی چاپی پێدراوە.

مامۆستا عەلی عابدی هەتا ئێستا چوار کتێبی بەناوەکانی "بەتەنیا جێم مەهێڵن، لەدڵمایە، ژیلان و زایەڵە" چاپ و بڵاو کردووەتەوە و چەندین بەرهەمی دیکەشی ئامادی چاپ کردنە.

ئەو هونەرمەندە کوردەی خەڵکی شاری سەقز، و لە ساڵی ١٣٦٣ هەتاوییەوە دەستی بە هۆنینەوەی شێعر کردووە و لە ساڵی ١٣٦٥ی هەتاویشەوە بە مامۆستایەتی موجتەبا میرزادە فێری ژەنینی ئامێری ویۆڵۆن بووە و کاری ئاوازدانانی بۆ ژمارەیەکی بەرچاو لە هونەرمەندانی کورد کردووە.