ئاژانسی کوردپا: مەلا مستەفای رەشیدی ئەدیب و نووسەری کوردی خەڵکی شاری بۆکان بە هۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی رابردوو مەلا مستەفای رەشیدی ناسراو بە مەلا مستەفای زاواکێو پاش تەمەنێک لێکۆڵینەوە و نووسین لە بواری ئەدەب و فۆلکلۆری کوردیدا، لە نەخۆشخانەیەکی شاری تاران ماڵئاوایی لە ژیان کرد.
ئەمین گەردیگلانی شاعیر و نووسەری کورد لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی کوردپا سەبارەت بە کەسایەتی مەلا مستەفای زاواکێو دەڵێت؛ مامۆستا لە گوندی ئاختەتەری شاری بۆکان لەدایک بووە و ماوەی ٣١ ساڵ، کە لە گوندی زاواکێوی بۆکان ماوەتەوە، بە مەلا مستەفای زاواکێو ناوبانگی دەرکردووە.

مەلا مستەفای رەشیدی دوو بەرهەمی بەناوەکانی هەگبەی بنار و لێکۆڵینەوە لەسەر دیوانی شێعریی ئەحمەدی کۆر چاپ کردووە و هەروەها کتێبێکی لەسەر کەسایەتییە ئایینی و کۆمەڵایەتییەکانی کوردی ناوچەی موکریان ئامادەی چاپ کردووە و هەنووکە لە بنکەی هەنار لەژێر لە شاری سلێمانی لەژێر چاپ دایە.
گەردیگلانی کە لە نزیکەوە مەلا مستەفای زاواکێوی ناسیوە دەڵێت: مامۆستا کە لە حوجرەی فەقێیان دەرسی خوێندووەو شارەزاییەکی باشی لە جوغرافیادا هەبووە و بەهۆی گەڕیدە بوونییەوە یەکەم کەس بووە لە ناو کوردا سەفەرنامەی نووسیوە.
سەبارەت بە کتێبی هەگبەی بنار گوتیشی؛ باسی فۆلکلۆر مێژووی ئاشی ئاوی لە ئێران، راوی شەوارە و راوە کەروێشک دەیان شتی فۆلکلۆری کوردی و هەروەها شوێنە مێژوویی و جوغرافیاییەکانی کوردستانی کردووە.
مەلا مستفەیا زاواکێو ساڵی ١٣٢٣ لە گوندی ئاختەتەری نزیک شاری بۆکان لە دایک بووەو سەرئەنجام پاش تەمەنێک لێکۆڵینەوەو نوسین لەسەر ئەدەب و فۆلکلۆری کوردی شەوی رابردوو رێکەوتی ١١ی بانەمەڕ لە نەخۆشخانەیەکی شاری تاران کۆچی دوایی کرد.





