ئاژانسی کوردپا: سێ بەرهەمی ئەدەبی لەلایەن دوو وەرگێڕی کوردەوە وەرگێڕدرانە سەر زاراوەی هەورامی و چاپ و بڵاو کراونەتەوە.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ کتێبی سەفەرکانی گالیوێر ، کە بە سێیەمین شاکاری ئەدبیی جیهان ئەژمار دەکرێت، لەلایەن هومایوون محەمەدنژادەوە وەرگێڕدرایە سەر زاراوەی هەورامی و دەزگای چاپ و بلاوکردنەوەی "ئەڤین" لەشاری مەریوان چاپ و بڵاوی کردەوە.

سهفهرهکانی گالیوێر بهرههمی نووسەری ئیرلەندی "جاناتان سویفێت"ـە کە بە زمانی ئینگلیزی نووسراوەو لەلایەن عەلیرەزا نیعمەتیەوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی فارسی.
لەلایەکی دیکەوە دوو کۆمەڵە شێعری نویی فارسی لەلایەن شاعیر و نووسەرێکی کوردی خەڵکی شاری پاوەوە وەرگێڕدراونەتە سەر زاراوەی هەورامی و لەقاڵبی کتێبێکدا چاپ و بڵاو کراوەتەوە.

ئەو بەرهەمە کوردییە، کە لەلایەن (محەمەدئاشنا عەباس مەنش)ـەوە کراوەتە کوردی، لەکتێبی شێعریی "پاکەتێک جگەرە لەتاراوگە" بەرهەمی رەزا برووسان و کتێبی شێعریی "جیهان چاومان لەسەر هەڵناگرێت" بەرهەمی ئیلهام ئیسلامی، پێکهاتووە.
ئەو دوو بەرهەمە فارسییە، هەتا ئێستا کۆمەڵێک خەڵاتی ئەدەبیی وەکوو " خەڵاتی ئەدەبیی نیما، خەڵاتی هەواڵنێرانی ئێران، خەڵاتی شێعری لاوی ئێران و خەڵاتی شێعری ژنانییان پێ بەخشراوە.





