ئاژانسی کوردپا: فیلمی "کازیوەی شیرین" بەرهەمی هونەرمەندانی شاری سەقز بەشداری لەرکابەرییەکانی فێستیڤاڵی بارسلۆنا لە وڵاتی ئیسپانیادا دەکات و هەروەها فیلمی عەزیز و کوبرا لە سایین قەڵا ئیزنی نمایش کردنی پێ نەدرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، "کازیوەی شیرین" لەدەرهێنانی هاوبەشی محەممەد فەرەجزادە و جەمیل مەعرەفەتیان لە بەشی فیلمە مافی مرۆڤییەکانی وڵاتی ئیسپانیا نمایش دەکرێت.

ئەو فیلمە باس لە گرفتەکانی نیوەی کۆمەڵ واتە ژنان دەکات و چیرۆکی ژیانی ژنێک دەخاتەڕوو، کەلە مێردەکەی جیابووەتەوە و بۆ دابین کردنی بژیوی ژیانی خۆی راوی ماسی دەکات و دەبێ‌لەداهاتی ئەو کارەی تێچووی ژیانی دایک و باوکیشی بدات.

جەمیل مەعروفیان (ئاماده کار)، ئه‌حمه‌د عوسمانی، محەممەد فەرەج زادە

فیلمی "کازیوەی شیرین" لە گوندی "کولتەپەی جەهانگیرخان"‌ی سەر بە ناوچەی فەیزوڵڵا بەگی سەقز وێنەی گیراوە و توانیویەتی لە مانگی سەرماوەزی ١٣٩٢ لە فێستیڤاڵی کورتە فیلمی هەولێر خەڵاتی باشترین ئەکتەری ژن بەدەست بێنێ.

ئەو فیلمە لە نمایشکردنی تایبەت لەئێران بێبەریی کراوە و دەگوترێت ئەو رێگرییە بەبیانووی "رەچاو نەکردنی حیجابی ئیسلامی" لە چەند سکانسێکی "ئەو فیلمەدا بووە.

فستیڤاڵی فیلمی مافی مرۆڤی بارسلۆنا

کازیوەی شیرین بڕیارە لە کۆتاییەکانی ئوکتوبر و سەرەتاکانی نوامبری ٢٠١٤ی زایینی لە بارسلۆنا و دواتریش نیۆیۆرک و پاریس نمایش بکرێت.

لەلایەکی دیکەوە فەرمانداریی شارستانی سایین قەڵا (شاهیندژ) رێگری لەنمایش کردنی فیلمی کوردیی " عەزیز و کوبڕا" کردووە.

فیلمی عەزیز و کوبرا لەدەرهێنەری سینەماکاری کورد مەحموود میرزایی بڕیار بوو لەموجتەمەعی فەرهەنگی شارستانی سایین قەڵا نمایش بکرێت.

ئەو فیلمە دیکۆمێنتارییە بەسەرهاتی تراژیدیی دوو ئەڤینداری کوردە بەناوەکانی عەزیز و کوبرا، کە ئاوایی "گیوی ئاغاج"ی ناوچەی هەوشار رووی داوەو مێژووی ئەو چیرۆکە تراژیکە بۆ زیاتر لە چل ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە.

لەو فیلمە ٩٠ خولەکییەدا عەزیز و کوبرا ئەڤینداری یەکترن، بەڵام باوکی کوبڕا رێگرە لەپێکگەیشتنیان و کوبڕا بەناچاری ناوچە و زێدی خۆی بەجێدێڵێ‌و هەڵدێت.
دەگوترێت دەرهێنەری فیلمی "عەزیز و کوبڕا" بڕیاری داوە ئەو فیلمە لەشاری بۆکان نمایش بکات.

چیرۆكە شیعری دڵداریی "عەزیز و كوبرا" كە بەرهەمێكی بەنرخی ئەدەبی میللیی ناوچەی هەوشارە، لەلایەن دو ونووسەری کوردەوە بەناوەکانی "شەریف فەلاح و حەسەن سەلیمی"یەوە كۆ كرایەوە و "ئەنستییتۆی كەلەپووری كورد" لە سلێمانی چاپ و بڵاوی كردەوە.