ئاژانسی کوردپا: بەهۆی کەمتەرخەمیی و نابەرپرسیارەتیی سەرپەرست و بەرپرسانی خەوتنگەی کچە خوێندکارانی زانکۆی "عیلمی ـ کاربوردیی سنە"، لە کەمتر لە سێ مانگدا حەوت کچە خوێندکار تووشی رووداو و برینداری بوونە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ لە ماوەی نێوان تێرمی رابردوودا هەتا ئێستا حەوت کچە خوێندکار لە خەوتنگەی زانکۆی "عیلمی ـ کاربوردیی سنە بەشی بێهزیستی" بەهۆی نابەرپرسیارەتیی سەرپەرست و بەرپرسانەوە تووشی برینداری و رووداو بوونە، کە ٥ کەسیان رەوانەی نەخۆشخانە کراون.

بەوتەی یەکێک لە خوێندکارانی ئەو زانکۆیە، لە رۆژانی رابردوودا، کچە خوێندکارێک بەناوی "هەوار مەحموودی" بەهۆی خراپیی تەختەی خەوەکەی، لە تەختەکەی بەربۆتەوە و تووشی شکانی ئەندامانی لەشی بووە و رەوانەی نەخۆشخانە و ژووری نەشتەرگەری کراوە.

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی؛ لە کاتێکدا بنەماڵەی هەوار بەدواداچوونیان بۆ ئەو رووداوە کردووە، بەرپرسی زانکۆ و حەراسەت بێ ئاگایی خۆیان لەو رووداوە راگەیاندووە.

سەرچاوەکە ئەوەشی خستەڕوو، بەرپرسانی زانکۆ بە بنەماڵەی هەوار مەحموودی‌یان راگەیاندووە، "پێویست بە نیگەرانی ناکات، چونکە زانکۆ تێچووی نەخۆشخانە و نەشتەرگەریتان پێ ئەداتەوە"، کە ئەمە نێگەرانیی و ناڕەزایەتیی بنەماڵەی ئەو کچە خوێندکاری لێکەوتۆتەوە.

هەروەها باسی لەوەش کرد، سەرپەرست و بەرپرسانی زانکۆ پاش هەر رووداوێکی لەم چەشنە، نە تەنیا بەڵێنیی باش کردنی دۆخی خەوتنگە بە خوێندکاران نادەن، بەڵکوو هۆکاری هاتنە ئارای ئەم رووداوانە بۆ کەمتەرخەمیی خوێندکاران دەگەڕێننەوە.