ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە مامۆستایانی زانکۆی پەیامنووری شاری شنۆ بەهۆی بڵاوکردنەوەی "بابەتی رەخنەیی" لە وانە وتنەوەی زانکۆ بێبەش کرا.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ بەرپرسی زانکۆی پەیامنووری شاری شنۆ، یەکێک لە مامۆستایانی ئەو زانکۆیەی بەناوی سەدیق پەیغامی لە وانە وتنەوەی زانکۆ بێبەری کرد.

ئەو مامۆستایەی زانستە سیاسییەکان، بەهۆی بلاو کردنەوەی بابەتێک سەبارەت بە بەڕێوەبەرایەتیی نالێهاتووی زانکۆی پەیامنووری شاری شنۆ لە وانە وتنەوە لەو زانکۆیە بێبەری کراوە.
سەدیق پەیغامی پێشینەی چوار ساڵ مامۆستایەتی لە زانکۆی پەیامنووری شاری شنۆ هەیە و بڕیاری دەرکرانیشی لەلایەن "حەسەن ئەمینپوور" بەرپرسی زانکۆی پەیامنووری شاری شنۆوە دەرچووە.
ناوبراو سەرنووسەری ماڵپەڕی "شنۆباس"ی لە ئەستۆیە و ئەو وتارەی لە ژێر ناوی "زانکۆی پەیامنوور بەهۆی بەڕێوەبەرایەتیی نەشیاو وەزاڵە هاتووە" لەو ماڵپەڕەدا بڵاو کردۆتەوە.
ئەو سەرچاوەیە، بێبەری کرانی ئەو مامۆستایەی لە وانە وتنەوە بە "هەڵوێستی نەشیاو"ی بەرپرسی زانکۆی پەیامنووری شاری شنۆ لەقەڵەم داوە.





