ئاژانسی کوردپا: قوتابیانی قوتابخانەی ئاوایی "خانەگا"ی سەر بە شارستانی پاوە بە وێنەکێشان و نووسینی پارچە، حەفتەی "هەوای پاک"یان بەرز نرخاند.
بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رێکەوتی 5ی رێبەندان رێوڕەسمی حەفتەی هەوای پاک لەلایەن قوتابیانی قوتابخانەی خانەگا لەژێر ناوی " وزەی خاوێن، بەرپرسیارەتی کۆمەڵایەتی، ئاسمانی شین" بەڕێوەچوو.
ئاوایی خانەگا لە سێکیلۆمیتری باشووری شاری پاوە هەڵکەوتووە و بە یەکێک لە ئاواییە سەیاحەتی و گەشتوگوزارییەکانی ئێران دێتە ئەژمار.
هەر لەو پێوەندییەدا ئیدارەی ژینگە پارێزی شارستانی پاوە ئامانج لەبەڕێوە بردنی ئەو رێوڕەسمەی، جێگر کردنی فەرهەنگی پاراستن و خاوێن راگرتنی دەورووبەری خۆیان و راکێشانی سەرنج و بەشداریی خەڵک بەتایبەت قوتابیان، راگەیاندووە.
لەو رێوڕەسمەدا گەڵاڵەی "موحیتیار" خرایە روو، کاوکات بەرهەمە سەرکەوتووەکانی قوتابیان دەستنیشان کران و رێزیان لێگیرا.
شارستانی سەرپێڵ زەهاویش لەو چالاکییانە بێبەری نەبووە و قوتابیانی قوتابخانەکان بە خاوێن کردنەوەی پارک و ناوشار، رێزیان لە حەفتەی هەوای پاک (خاوێن) گرتووە.
وێنە: "سلام پاوە ـ بازی دراز"















