حەفتەی چوارەمی مانگی رەزبەری ١٣٩٢ی هەتاوی

ئاژانسی کوردپا: راپۆرتی ئەم حەفتەیەی بەرموور،٣ حاڵەتی پێشلکردنی مافی ژنان لە کوردستان کە بریتییە کە ٢ حاڵەتی خۆکوژی و کوژرانی گوماناوی کچە خوێندکارێکی کورد لە زانکۆی هەمدان و هەروەها ٧ حاڵەت پێشلکردنی مافی چالاکانی ژن کە بریتین لە پشتڕاستکرنەوەی حوکمی زیندانیی ٤ ژنە چالاکی بەهایی و مەحکووم کردنی دوو کەسی دیکە بە زیندان، پێراگەیاندنی تاوانی مهدیە فەراهانی و ئازادیی فاتمە زیایی‌ئازاد لە ئێراندا لە خۆ دەگرێت.

بەمەبەستی زیاتر زەق کردنەوە و تاوتوێ کردنی مەسەلە پەیوەندیدارکانی تایبەت بە ژنان، ئاژانسی کوردپا بەشێوی حەفتانە راپۆرتێک لەژێر ناوی "بەرموور" بڵاو دەکاتەوە.

ئامانجی سەرەکی لە بڵاوکردنەوەی ئەم راپۆرتە تایبەتییە، زەق کردنەوەی پێشلکارییەکانی دەرهەق بە ژنان و هەروەها گرینگی دان بە سەرجەم چالاکییەکانی ژنان کە لەلایەن ژنان و رێکخراوەکانی پەیوەندیدار بە ژنانەوە ئەنجام ئەدرێت.

بەهۆی بەربڵاوی و گرینگیی ئەم بابەتە و هەروەها نەبوونی دەنگدانەوە لە ناو میدیاکاندا، "بەرموور" بە شێوەی دیاریکراو دەپرژێتە سەر بابەت و مەسەلەکانی ژنان لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، بەڵام ئەمە بەو واتایە نییە کە ناوچەکانی دیکەی ئێران دەخرێنە پەراوێزەوە، بۆیە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا هەوڵ ئەدات بەپێی ئیمکان، گرینگی بە سەرجەم ناوچەکانی دیکەی ئێرانیش بدات.

راپۆرتی ئەم حەفتەیەی بەرموور،٣ حاڵەتی پێشلکردنی مافی ژنان لە کوردستان کە بریتییە کە ٢ حاڵەتی خۆکوژی و کوژرانی گوماناوی کجە خوێندکارێکی کورد لە هەمدان و هەروەها ٧ حاڵەت پێشلکردنی مافی چالاکانی ژن کە بریتین لە پشتڕاستکرنەوەی حوکمی ٤ چالاکی بەهایی و مەحکووم کردنی دوو کەسی دیکە بە زیندان ، پێراگەیاندنی تاوانی مهدیە فەراهانی و ئازادیی فاتمە زیایی‌ئازاد لە ئێراندا لە خۆ دەگرێت.

کوردستـــــــــــان
خۆکوژی دوو ژنی لاو لە شارەکانی سنەو مەریوان

لە ماوای حەوتووی رابردوو دا دوو حاڵەتی خۆکوژی کە شارەکانی سنە و مەیوان رویداوە کە یەکیان بووەتە هۆی گیان لە دەست دانی و ئەوی دیکەشیان دۆخی جەستەیی خراپ راگەیەندراوە.

بە پێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، رۆژی هەینی رێکەوتی ١٩ی رەزبەر ژنێکی تەمەن ٢٧ ساڵ بەناوی "ساریا مورادی" خەڵکی گوندی "باوەرێز"ی سەربە شاری سنە بەهۆی دەستکورتی و هەژارییەوە کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.

بە وتەی سەرچاویەکی ئاگادار لەو بنەماڵەیە، "ساریا مورادی" دوو ساڵ پێش ئێستا لەگەڵ کەسێکی خەڵکی گوندی باوەرێز، ژیانی پێک هێنابوو.

هەروەها دەگوترێت کە ئەو ژنە کوردە لەماوەی رابردوودا چەندین جار بەهۆی دەستکورتییەوە هەوڵی خۆکوژی دابوو، کە دوا جار رۆژی هەینی لەرێگەی خۆ هەڵواسینەوە کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.

بە پێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەسەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا ٥ ژن و کچی کورد تەنیا بە هۆی هەژاری و دەستکورتییەوە هەوڵی خۆکوژییان داوە و گیانیان لەدەست داوە.

لە لایەکی دیکەوە، سێ‌شەممە رێکەوتی ٢٣ی رەزبەر ژنێکی خەڵکی شارۆچکەی "کانی دینار"ی سەربە شاری مەریوان بەناوی " سەحەر کەریمی"، بەهۆی کێشەیەکی بنەماڵەییەوە ئاگری لەجەستەی خۆی بەردا و بۆ چارەسەریی برینەکانی رەوانەی نەخۆشخانە کرا.

بە وتەی کەسانی ئاگادار، ئەو ژنە تەمەن ١٨ ساڵەیە کە چەند مانگ پێش ئێستا بە بێ رەزامەندیی خۆی بە شوو درابوو، بەهۆی دروست بوونی کێشە لەگەڵ هاوسەرەکەی گەڕابوویەوە ماڵی باوکی، بەڵام لەئەنجامی توندوتیژیی بنەماڵەیی‌دا ئاگری لەجەستەی خۆی بەرداوە.

دەگوترێت کە سەحەر کەریمی، لەسەدا ٩٠ی جەستەی تووشی سووتان بووە و ئەگەری گیان لەدەست دانی لە ئارا دایە و هەنووکە لە نەخۆشخانەیەکی شاری سنە لەژێر چاوەدێریی پزیشکی دایە.

بە پێی ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە سەرتای ئەمساڵەوە ٥٠ ژن و کچی کورد دەستیان داوەتە خۆکوژی کە ٤٨ کەسیان گیانیان لە دەست داوە.

مەرگی گوماناوی کچە خوێندکارێکی کورد لە زانکۆی هەمەدان

سەحەر چووینی تەمەن ١٩ ساڵ و خوێندکاری تێرمی دووەمی رشتەی پەرستاریی پەیمانگەی ددانپزیشکیی شاری هەمەدان و خەڵکی شاری مەریوان

بەرەبەیانی رۆژی هەینی، تەرمی کچە خوێندکاریک لە خەوتنگەی "زانکۆی بووعەلی"ی هەمدان دۆزرایەوە کە باس و خواسێکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.

سەحەر چوینی کەسێک بوو کە تەرمەکەی پاش یەک رۆژ لە مەرگی واتە رۆژی هەینی ١٩ی رەزبەر، لە خەوتنگەی خوێندکاریی پەیمانگەی زانستە پزشکییەکانی زانکۆی "بووعەلی"ی هەمدان دۆزرایەوە.

سەحەر چووینی تەمەن ١٩ ساڵ و خوێندکاری تێرمی دووەمی رشتەی پەرستاریی پەیمانگەی ددانپزیشکیی شاری هەمەدان و خەڵکی شاری مەریوان بوو.

لێدوانە دژبە یەکەکانی بەرپرسانی زانکۆ و پزیشکی یاسایی

بەرپرسانی زانکۆ لە یەکەم هەڵوێستی خۆیان‌دا و پێش لە دەرکەوتنی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان هۆکاری مەرگی "سەحەر چوینی"یان بە خۆکوژی لە قەڵەم دابوو کە ئەمەش دژکردەوەی توندی خوێندکارانی زانکۆی بەدواوە بوو.

بەرپرسانی ئەو زانکۆیە رایانگەیاندبوو؛ تەرمی ناوبراو لە حاڵێک دا کە بە رووسەرییەکەی خۆی بە تختەکەیەوە هەڵواسیبوو دۆزراوەتەوە و هاوکات بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک لە نێو زانکۆدا، هۆکاری خۆکوژی "سەحەر"یان بۆ کێشەی دەروونی گەڕاندبوویەوە.

لە لایەکی دیکەوە، رۆژی چوارشەممە ٢٣ی رەزبەر، بەرپرسی پزیشکی دادوەریی هەمەدان بە رەتکردنەوەی لێدوانەکانی خۆی لە رۆژنامەی "اعتماد" رایگەیاند، مەرگی سەحەر بە هۆی بەربوونەوە لە تەختەکەی تووشی مەرگی مێشک بووە.

ناوبراو بە رەتکردنەوەی هەموو ئەگەرەکان رایگەیاندبوو، مەرگی سەحەر چوینی بە هۆی خۆکوژییەوە بووە و هۆکاری خۆکوژییەکەشی کێشەی سۆزداری و خۆشەویستی لە قەڵەم دابوو.

بەرپرسی گشتیی پزیشکی یاسایی هەمدان، لە وتوێژێکدا کە رۆژی شەممە ٢٠ی رەزبەر لە رۆژنامەی "اعتماد" دا بڵاو کرابووەیەوە، رایگەیاندبوو؛ هۆکاری کوژرانی سەحەر خنکان نییە و ناوبراو پێش لە هەڵواسران بە هۆی زەبرێطکی قورسەوە گیانی لە دەست داوە.

دژکردەوەکانی دوای مەرگی سەحەر چوینی

مەرگی سەحەر چوینی و هەروەها بەدوادانەچوون و کەمتەرخەمیی بەرپرسانی زانکۆ لە مەڕ مەرگی ناوبراو، دەنگدانەوەیکی بەربڵاوی لە میدیا نیوخۆیی و میدیا کوردییەکان و هەروەها دژکردەوەی خوێندکارانی ئەو زانکۆیە، خەڵک و رێکخراوە مەدەنییەکانی شاری مەریوانی بەدواوە بوو.

دوو رۆژ دوای مەرگی گوماناویی سەحەر، نزیک بە ١٠٠٠ کەس لەخوێندکاری زانکۆی "بووعەلی"ی هەمدان لە بەر دەم پەیمانگەی زانستە پزیشکییەکانی ئەو زانکۆیە کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان پێک هێنا و خوازیاری وڵامدانەوەی بەرپرسان و روونکردنەوەی هۆکاری مەرگی سەحەر بوون.

هێندێک لە خوێندکارانی ئەو زانکۆیە لەو بروایەدان کە هۆکاری مەرگی سەحەر نەبوونی ئەمنیەت لەو خەوتنگەیە بووە و بەرپرسانی زانکۆش بە مەبەستی خۆدەرباز کردن لەم بەرپرسایەتییە، هۆکاری مەرگی ناوبراویان خۆکوژی راگەیاندووە.

خوێندکارانی ئەم زانکۆیە بۆ دووەەمین جار و رۆژی سێشەممە ٢٢ی رەزبەر، کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی دیکەیان لە بەرانبەر پەیمانگەی ددانپزشکیی زانکۆی بووعەلی پێک هێنا. ئەوان لەو کۆبوونەوەیەدا خوازیاری دەس تلە کارکێشانەوەی حەبیبوڵلا موسەوی بەهار، بەرپرسی پەیمانگەی بوعەلی هەمدان بوون.

هەر ئەو رۆژە سەرەڕای فشاری ‌هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، رێژەیەکی بەرچاو لە چالاکانی خەڵکی مەریوان لە چوارەمین رۆژی مردنی گوماناویی سەحەر چوینی، لە مەیدانی دارایی شاری مەریوانەوە هەتا سەر گۆڕستانی دارسێران رێیان پێوا.

یەکێک لە بەشدارانی ئەو ریپێوانە بە هەواڵنیری کوردپای راگەیاند، "هێزە ئیتلاعاتییەکان رێگرییان لە ئەو ریپێوانە دەکرد و هاوکات کامێرای وێنە‌گری و فیلم هەڵگرتنیان لە هاووڵاتییان دەستاند، بەڵام سەرەڕای ئاستەنگی ئەو هێزانە، رێپێوانەکە بەڕێوەچوو".

ئێــــــــــران
مەحکووم کران و پشتراستکردنەوەی حوکمی ٦ چالاکی بەهایی

لە ماوەی حەوتووی رابردودا دوو کەس لە چالاکانی ژنی بەهایی دانیشتووی سیمنان بە زیندانی تەعزیری مەحکوم کران و حوکمی زیندانی ٤ هاووڵاتیی دیکە لە لایەن دادگای پیداچوونەوەی "مەشهد"ـەوە پشتڕاست کرایەوە.

بە پێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، گوڵڕۆخ و شیدڕۆخ، هاووڵاتیی بەهایی دانشیووی شاری سیمنان، لەلایەن دادگای شۆرشی ئەو شارەوە بە زیندانی تەعزیری مەحکووم کران.

ئەم دوو هاووڵاتییە بەهاییە هەرکامەیان بە تاوانی پروپاگەندە بۆ ئایینی بەهایی بە ٩ مانگ زیندانی تەعزیری حوکم دراون.

ئەو دوو ژنە چالاکە بەهاییە لە ١٩ی رێبەندانی ساڵی ٩١ دەستبەسەر و لە سەرەتاکانی مانگی خاکەلێوەی ٩٢ بە دانانی بارمتەی ١٠٠ مییۆن تمەنی لە زیندان ئازاد کرابوون.

لە لایەکی دیکەوە، حوکمی ٦ مانگ زیندانی تەعزیری بۆ ٤ هاووڵاتیی بەهایی بە ناوەکانی "نیگار مەلەک‌زادە، حۆریە موحسنی، مەهین ئەحمەدیان و بێهناز حەدادزادە" لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی خۆراسانی "رەزەوی"یەوە پشتڕاست کرایەوە.

ئەم ٤ هاووڵاتییە هاوڕێ لە گەڵ ٧ هاووڵاتیی دیکەی بەهایی بە هۆی پێکهێنانی پێشانگەی تایبەتی پێشە دەستییەکانی تایبەت بە منداڵان، لە زستانی ساڵی ١٣٩١دا دەستبەسەر و دواتر بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوون.

پێراگەیاندنی حوکمی مەهدیە فەراهانی و ئازاد بوونی فاتمە زیایی‌لەزیندان

مەهدیە فەراهانی چالاکی‌ مافی ژنان

لە رۆژانی حەفتەی رابردوودا، مەهدیە فەراهانی یەکێک لە چالاکانی مافی ژنان دوابەداوای سکاڵای وەزارەتی ئیتلاعات بانگهێشتی دادسەرایی "شەهید مۆقەددەس"ی زیندانی ئێڤین کرا.

فاتمە زیایی‌ئازاد، یەکێک لە زندانیانی سیاسیی دەیەی ٦٠ی هەتاویی ئێران، لە رۆژانی حەفتەی رابردوودا لە زیندان ئازاد کرا.

بە پێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو کراونەتەوە، رۆژی چوارشەممە ١٧ی رەزبەر، مەهدیە فەراهانی چالاکی بواری مافەکانی ژنان لەسەر سکاڵای وەزارەتی ئیتلاعات، بانگهێشت دادسەرای "شەهید مۆقەددەس"ی ئێڤین کرا.

ناوبراو بە تاوانی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" و "ئەندامەتی لە گروپە فێمنیستییەکان "دا بانگهێشتی دادسەرا کرابوو کە ٣٥ میلیۆن بارمتەی بۆ بڕایەوە.

لە لایەکی دیکەوە، فاتمە زیایی‌ئازاد چالاکی سیاسی و یەکێک لە زیندانیانی سیاسیی دەیەی ٦٠ی زایینی بەرەبەیانی رۆژی پێنج‌شەممە ٢٥ی رەزبەر لە زیندانی ئێڤین ئازاد کرا.

فاتمە زیایی یەکێک لە زیندانیانی بە ساڵاچووی بەندی نسوانی زیندانی ئێڤین بوو کە بە هۆی نەخۆشیی "ئێم ئێس"ەوە بارودۆخی تەندروستی تێکچووبوو.

ناوبراو رۆژی شه‌ممە ١٨ی جۆزەردانی ئەمساڵ لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوو.

سەرچاوەکان:
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا ( ٣ حاڵەت )
ماڵپەڕی هێرانا ( ٧ حاڵەت )
ماڵپەڕی گۆڕان لە پێناو یەکسانی‌دا( ١ حاڵەت )