حەفتەی دووەمی مانگی خەرمانانی ١٣٩٢ی هەتاوی

ئاژانسی کوردپا: بەمەبەستی زیاتر زەق کردنەوە و تاوتوێ کردنی مەسەلە پەیوەندیدارکانی تایبەت بە ژنان، ئاژانسی کوردپا بەشێوی حەفتانە راپۆرتێک لەژێر ناوی "بەرموور" بڵاو دەکاتەوە.

ئامانجی سەرەکی لە بڵاوکردنەوەی ئەم راپۆرتە تایبەتییە، زەق کردنەوەی پێشلکارییەکانی دەرهەق بە ژنان و هەروەها گرینگی دان بە سەرجەم چالاکییەکانی ژنان کە لەلایەن ژنان و رێکخراوەکانی پەیوەندیدار بە ژنانەوە ئەنجام ئەدرێت.

بەهۆی بەربڵاوی و گرینگیی ئەم بابەتە و هەروەها نەبوونی دەنگدانەوە لە ناو میدیاکاندا، "بەرموور" بە شێوەی دیاریکراو دەپرژێتە سەر بابەت و مەسەلەکانی ژنان لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، بەڵام ئەمە بەو واتایە نییە کە ناوچەکانی دیکەی ئێران دەخرێنە پەراوێزەوە، بۆیە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا هەوڵ ئەدات بەپێی ئیمکان، گرینگی بە سەرجەم ناوچەکان دیکەی ئێرانیش بدات.

راپۆرتی ئەم حەفتەیەی بەرموور، ٢ حاڵەت پێشێلکردنی مافی ژنان لە کوردستان و ٥ حاڵەت پێشلکردنی مافی چالاکانی ژن لە زیندانەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، لەخۆ دەگرێت.

کوردستـــــــــــان

خۆکوژیی دوو ژن لە ورمێ و سەڵماس

بە خۆکوژیی ژنێکی بەساڵاچوو و ژنێکی لاو لە شارەکانی ورمێ و سەڵماس، رێژەی ئەو ژنانەی کە لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران دا لە ماوەی ئەمساڵ دەستیان داوەتە خۆکوژی و گیانیان لە دەست داوە گەیشتە ٣٩ کەس.

بە پێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، رۆژی سێشەممە رێکەوتی ٥ی خەرمانان، ژنێکی تەمەن ٢١ ساڵ بەناوی "رامش مامەدی"کچی خالید" خەڵکی "ئابەزەر"ی سەڵماس بەهۆی کێشەی خێزانییەوە خۆی هەڵواسیبوو کە لە ئەنجامدا ببووە هۆی گیان لەدەست دانی.

لە لایەکی دیکەوە سەرلە ئێوارەی رۆژی هەینی رێکەوتی ٨ی مانگی خەرمانان، ژنێکی خەڵکی گوندی "ئەنبێ"ی سەربە ناوچەی تەرگەوەڕی ورمێ بەناوی "سێوێ تەربی" تەمەن ٥٧ ساڵ و کچی نیزام بەهۆیەکی نادیار بە چەکی راو کۆتایی بەژیانی خۆی هینا.

ئاماری خۆکوژی لە ناوچە کوردنشینەکانی ئیــران بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی رابردوو چوونەسەرەوەیەکی لەرادەبەدەری بەخۆیەوە بینیوە کە بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا لە ماوەی ساڵی رابردوودا ٣٩ ژن و کچی کورد کۆتاییان بەژیانی خۆیان هیناوە کە بەپێی ئاماری تۆمار کراوی ئەمساڵی ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، تەنیا لە ماوەی ٥ مانگی رابردوودا ٣٩ ژن و کچی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێــران لە ئەنجامی خۆکوژیدا گیانیان لەدەست داوە.

ئەو ئامارە رێژەییە و بەپشت بەستن بە ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بڵاو دەکرێتەوە، بەسەرنجدان بە نەبوونی میدیای ئازاد بۆ رووماڵ کردنی هەواڵەکان و نەبوونی لێکۆڵینەوەیەکی مەیدانی بۆ دەرکەوتنی ئامارێکی دروست، دەکرێ ئاماری راستەقینە لەو رێژەیەش زیاتر بێت.

ئەم نموداری خوارەوە چۆنیەتی خۆکوژیی ژنان لە کوردستان دا نیشان دەدات:

ئێــــــــــــران

دۆخی چالاکانی ژن لە ئێران دا

مریەم شەفیع‌پوور،چالاکی سیاسی

مریەم شەفیع‌پوور چالاکی سیاسی پاش زیاتر لە یەک مانگ لە دەستبەسەر کرانی و راگیران لە ژووری تاکەکەسی، بۆ ژووری سێ کەسی گوازرایەوە.

بە پێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، مریەم شەفیع‌پوور چالاکی خوێندکاری زانکۆی نێونەتەوەیی قەزوین کە رۆژی شەممە، ٥ی گەلاوێژ پاش بانگهێشت کران بۆ دادسەرای ئێڤین لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو، رۆژی یەکشەممە ١٠ی خەرمانان، پاش ٣٧ رۆژ دەستبەسەر کران و راگیران لە ژووری تاکە کەسیی بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین بۆ سویت ئەو زیندانە گوازراوەتەوە.

پێشتر زۆربەی میدیاکان لە باری رەوانییەوە باسیان لە دۆخی نالەباری ناوبراو لە کردبوو.

ئەم خوێندکارە، ساڵی ١٣٨٩ بە هۆی چالاکییەکانی لە لایەن دادگای ئینقلابەوە بە ١ ساڵ زیندانی هەڵپسێردراو مەحکووم کرا بوو.

لە لایەکی دیکەوە، "فاتمە زیاعی‌ئازاد" چالاکانی سیاسی و یەکێک لە زیندانیانی سیاسیی دەیەی ٦٠ کەلە جۆزەردانی ئەمساڵ دا دەستبەسەر کرابوو، پاش نزیک بە ١٠٠ رۆژ لە بێ ئاگایی لە شوێنی راگیرانی، سەرئەنجام بۆ بەندی "نستوان"ی زیندانی ئێڤین گوازرایەوە.

ئەم هاووڵاتییە تەمەن ٤٤ ساڵەیە، رۆژی شەممە رێکەوتی ١٨ی جۆزەردان لە ماڵی خۆیدا دەستبەسەر کرابوو.

فاتمە زیاعی‌ئازاد پێشتر و لە ساڵی ١٣٦٠ دەستبەسەر و بۆ ماوەی ٥ ساڵ لە زیندان دا راگیرا بوو.

ناردنی سێ چالاکی ژن بۆ مەرەخەسی

لە ماوەی حەوتووی رابردوودا سێ کەس لە زیندانیانی ژنی زیندانی ئێڤن رەوانەی مەرەخەسیی ماوەی کورت کران.

مەحبووبە کەرەمی ،زندانی سیاسی

بە پێی ئەو راپۆرتانەی کە بڵاو بوونەتوە، رۆژی شەممە ٩ی خەرمانان مەحبووبە کەرەمی لە زیندانیانی سیاسیی بەندی ژنانی "ئێڤین"دا راگیراوە بۆ ماوەی ٣ رۆژ رەوانەی مورەخەسی کرا.

هەروەها ئەم زیندانییە سیاسییە تووشی کەم خوێنی و خەمۆکی بووە و پێویستی بە چارەسەریی پزیشکی هەیە.

مەحبووبە کەرەمی کە ١١ی رەشەممەی ١٣٨٨ دەستبەسەر و بە تاوانی ئەندامەتی لە " رێکخراوی چالاکانی مافی مرۆڤ لە ئێران"دا بە ٢ ساڵ زیندان و هەروەها بە تاوانی "پروپاگەندە دژی نیزام" و "کۆبوونەوەی نایاسایی بە مەبەستی خستنە مەترسیی تەناهیی وڵات" بە ٢ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکوم کرا.

بەهارە هیدایەت، چالاکی خویندکاری و ئەندامی شورای ناوەندیی "دفتر تحکیم وحدت"

لە لایەکی دیکەوە بەهارە هیدایەت، چالاکی خویندکاری و ئەندامی شورای ناوەندیی "دفتر تحکیم وحدت" رۆژی پێنج‌شەممە ١٤ خەرمانان، رەوانەی مەرەخەسیی ٣ رۆژە کرا.

بەهارە هیدایەت دوای هەڵبژارنەکانی ساڵی ١٣٨٨ دەستبەسەر و لە ١٩ رێبەندانی هەمان ساڵدا لە لایەن دادگاوە بە تاوانی "کۆبوونەوە و چالاکی بە دژی نیزام" بە ٥ ساڵ حەبس و بە تاوانی " بێ رێزی بە رێبەری"، "بێ رێزی بە سەرکۆماری" و " پروپاگەندە دژی نیزام" بە ساڵ زیندانی مەحکوم کرا.

هەروەها ناوبراو کە رێکەوتی ساڵی ٨٥ بە تاوانی بەشداری لە کۆبوونەوە لە ٢٢ی رێبەندانی ئەساڵەدا بە ٢ ساڵ زیندانیی هەڵپەسێردراو مەحکووم کرابوو، بە حوکەکەی زیاد کراو چووە قۆناغی جێبەجێ کردنەوە.

ناوبراو بە گشتی بە ١٥ حاڵەت تاوان بە ٩ ساڵ و ٦ مانگ زیندان مەحکووم کراوە و هەنووکە لە زیندانی ئێڤیندا ماوەی عوکمەکەی تێپەڕ دەکات.

ژیلا کەرەم‌زادە مەکوەندی، هونەرمەند و یەکێک لە ئەندامانی دایکانی پارکی لالە

هەروەها رۆژی یەکشەممە ١٠ی خەرمانان، "ژیلا کەرەم‌زادە مەکوەندی" هونەرمەند و یەکێک لە ئەندامانی دایکانی پارکی لالە، رەوانەی مەرەخەسی کرا.

ژیلا کەرەم‌زادە مەکوەندی، ٦ی رێبەندانی ١٣٨٨ لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکان و لە ماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەر کرا. دواتر دادگای سەرەتای حوکمی ٤ ساڵ زیندانیی تەعزیری بۆ ئەم ئەندامەی دایکانی پارکی لالە، بــڕییەوە.

سەرچاوەکان:
ئاژانسی کوردپا ( ٢ حاڵەت)
ماڵپەڕی هێرانا ( ٢ حاڵەت )
چالاکانی تاراوگە "فعالان در تبعید" ( ٢ حاڵەت)
ماڵپەڕی "دانشجو نیوز" ( ١ حاڵەت )