ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بەمەبەستی هەرچی زیاتر ئاشکرا کردنی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران هەر حەفتە جارێک راپۆرتێک لە ژێر ناوی "روانگەی حەفتە" لەسەر پێشێلکاریی مافی مرۆڤ بڵاو دەکاتەوە.

راپۆرتی حەفتەی سێیەمی مانگی پووشپەڕدا ئاوڕێک لە ١٢ حاڵەت پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران ئەدەینەوە کە ٢ حاڵەت کوژران و برینداربوونی کۆڵبەرانی کورد، بارودۆخی نالەباری ٧ زیندانیی سیاسیی کورد و بانگهیشت و دەستنبەسەر کردنی ٣ هاووڵاتیی کورد لە خۆ دەگرێت.

کوژران و برینداربوونی ٢ کۆڵبەری کورد بە تەقەی راستەوخۆی هێــزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێــران:

رۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٣ی پووشپەڕ ٢ کۆڵبەری کورد بەناوکانی "قوربانی شێخی" تەمەن ٢٨ ساڵ "شۆڕش شێخی ٣٣ ساڵ" و کوڕی رەحمان بە تەقەی راستەوخۆی ‌هێـزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئیران گیانیان لێ ئەستێندرا.

یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی ئەو ٢ هاووڵاتییە کوردە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند، کە "قوربان"ی پاش بریندار بوون لەلایەن هاوڕێکانییەوە هەوڵی رزگار کردنی دراوە، بەڵام سەرلەنوێ بەروەڕووی تەقەی ئەو هێزانە بوونەتوە و چەند فیشەکی دیکەی بەرکەوتووە و لە ئەنجامدا دەستبەجێ گیانی لەدەست داوە.

ئەو ٢ کۆڵبەرە کوردە برای یەکتر و خەڵکی گوندی "گەوەلان" سەربە شاری سەردەشت بوون کە لە شوێنێک بەناوی "دۆڵی زەرتکە" لە پشت گوندی "دۆڵەبی" لە خاڵی سنووریی سەردەشت تووشی ئەم رووداوە بوون.

هەروەها رۆژی پێنج‌شەممە ٢٧ی پووشپەڕ لە ناوچەی "هەوارگەی جیرانچپ" لە ئەنجامی تەقەی ‌یزە ئینتزامییەکاندا ٢٠ سەر ئەسپی بارهەڵگر بەکوشت چوون.

لەلایەکی دیکەوەو لە حاڵەتێکی هاوشێوەدا زیاتر لە ١٠٠ سەر ئەسپی بارهەڵگری کۆڵبەران و کاسبکارانی ناوچەی ورمێ بە تەقەی ‌هێزە ئینتزامییەکان کوژران.

بەوتەی هاووڵاتییانی ئەو ناوچەیە، بۆنی کەلاکی ئەو ئەسپانە ناوچەکەی داگرتووە و ئەگەری بڵاوبوونەوەی چەندین نەخۆشیی مەترسیدار لە ئارا دایە.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لەماوەی ٤ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ١٤ کۆڵبەر کورد کوژراون کە ١١ کەسیان بە تەقەی راستەوخۆی هێــزە نیزامییەکان گیانیان بوونەتە قوربانی و ١٦ کەسیش بریندار کراون.

بارودۆخی نالەباری زیندانیانی سیاسیی کورد لە حەفتەی رابردوودا

زانیار مورادی زیندانیی سیاسیی کوردی مەحکووم بە ئێعدام بە هۆی پێڕانەگەیشتنی پزیشکییەوە بارودۆخی تەندروستی ناجێگیرە.

زانیار مورادی، زیندانیی سیاسیی کوردی مەحکووم بە ئێعدام

ئەو زینداییە سیاسییەی کورد بەهۆی ئەشکەنجەوە جومگەکانی پشت، چۆک و ئەندامی نێرینەی تووشی ئازار بوون و هەروەها بەهۆی نەبوونی چاوەدێری پزیشکی کە ماوەیەک پێش ئێستا بە تێچووی بنەماڵەکەی نەشتەرگەری ئەنجام دابوو، تووشی دۆخێکی نالەبار بووەو بەرپرسانی زیندان لە چارەسەر کردنی کێشەکانی ناوبراو خۆیان دەبوێرن.

زانیار مورادی ٣ ساڵ پێش ئێستا هاوڕێ لەگەڵ لوقمان مورادی بەتاوانی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کران.

لەلایەکی دیکەوە ٤ زیندانی سیاسیی کورد لە زیندانەکانی ورمێ و شاری قوروە بۆ قەرەنتینەی نێو زیندان گوازرانەوە.

رۆژی دووشەممە ٢٢ی پووشپەڕ ٣ زیندانیی کورد بەناوەکانی "محەممەد ئەمین عەبدوڵڵاهی، جهانگیر بادوزادە و یوسف کاکە مەمی لە نێو بەندی زیندانەوە بۆ قەرەنتنیەی زیندان راگوێزران.

محەممەد ئەمین عەبدوڵڵاهی بە تاوانی هاوکاری راستەوخۆی یەکێک لە حیزبە کوردیەکان بە ١٨ ساڵ زیندانیی تەعزیری و دوور خرانەوە بۆ زیندانی شاری "تەبەس" مەحکووم کراوە.

هاوکات جهانگیر بادوزادە بە تاوانی هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکان بە زیندانی هەتاهەتایی و "یوسف کاکە مەمی"ش بە تاوانی هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکان بە ٦ ساڵ زیندان مەحکووم کراون.

هەروەها لە راپۆرتێکدا کە بڵاو کرایەوە، زیندانییەکی سیاسیی کورد لە زیندانی شاری قوروە بەناوی "حەیدەر رەشیدی" بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕین بە هەڵسووکەوتی نەشیاوی بەرپرسانی زیندان، بۆ ژوورە تاکە کەسییەکانی زیندان گوازرایەوە.

حەیدەر رەشیدی ٤ ساڵ پێش ئێستا بەتاوانی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێــران بە ٦ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا و سەرەڕای بەڵێنیی بەرپرسانی حکوومەتی لەمەڕ کەم کردنەوەی حوکمەکەی، هەتا ئیستاش حوکمی ناوبراو وەک خۆی ماوەتەوە.

ناڕوونیی چارەنووسی سمکۆ خلقەتی زیندانی سیاسیی کورد

سمکۆ خڵقەتی، تەمەن ٣٤ ساڵ و خەڵکی شاری مەهاباد

٥ مانگ پیش ئێستا سمکۆ خلقەتی لەلایەن ‌هێــزە ئیتلاعاتییەکانەوە بۆ بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین راگوێزرا، بەڵام هەتا ئێستا هیچ هەواڵێک لە چارەنووسی ئەو زیندانییە کوردە لەبەر دەست دا نییە.

سمکۆ خڵقەتی تەمەن ٣٤ ساڵ و خەڵکی شاری مەهاباد رێکەوتی ٢٨ی بەفرانباری ساڵ ٨٨ لە شاری ئەراک دەستبەسەر و دواتر بە تاوانی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە ١٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا.

سمکۆ خلقەتی لە کۆتایی مانگی رەشەممەی ساڵی رابردوودا بە زەبری هەڕەشەی وەزارەتی ئیتلاعات لەبەر چاوی کامێڕا ناچار بە دانپێدانان کراو دواتر لە کەناڵی ئینگلیزی زمانی "پرێس تی‌ڤی"ی سەربە وەزارەتی ئیلاعات بڵاو کرایەوە.

وڵات بەجێهێشتنی بنەماڵەی چالاکێکی سیاسیی کورد

هاوسەر و ٢ منداڵی حامید بەراتی بەهۆی فشاری بەردەوامی هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بەناچاری روویان لە هەرێمی کوردستان کرد.

حامید بەراتی

حامید بەراتی رێکەوتی ٢٢ی جۆزەردانی ١٣٨٩ لەلایەن مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەقزەوە دەستبەسەر و پاش ٢٠ رۆژ راگیران لەو ئیدارەیە، بە دانانی بارمتەیەکی ٥٠ میلیۆن تمەنی کە "سەنەد"ی خانووبەرەکەی خۆیان بوو، لە زیندان ئازاد کرا.

ئەو چالاکە کوردە لە ٤ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٨٩ی هەتاویدا بەبێ ئامادەبوونی خۆی لە دادگای ئینقلابی شاری سەقز، بەتاوانی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزری مەحکووم کرا و دواتر لە ١٥ی رەشەممەی ئەو ساڵەدا حوکمی ناوبراو لە دادگای پێداچوونەوەی شاری سنەدا پشتڕاست کرایەوە.

بانگهێشت و دەستبەسەر کردنی هاووڵاتییانی کورد لە حەفتەی رابردوودا

رێکەوتی ٢١ی پووشپەڕ هاووڵاتییەک بەناوی "محەممەد قەبووڵی" هاووڵاتیی یارسانیی خەڵکی شاری "زەنجان" پاش گوتاربێــژی لە رێوڕەسمی چلەی ماتەمینیی "نیکمەرد تاهیری" لەلایەن هیزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ ئەو ئیدارەیە راگوێزرا.

دوابەدوای دەستبەسەر کرانی ئەو هاووڵاتییە یارسانییەی خەڵکی زەنجان، رێژەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتییانی کوردی یارسانیی شاری سەحنە لەبەردەم ئیدارەی ئیتلاعات و فەرمانداریی ئەو شارەدا کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان پێکهێنا.

رێکەوتی ١٤ی جۆزەردان "حەسەن رەزەوی" لەمەڕ سووکایەتی کردنی هێزە ئیتلاعاتییەکان بە ئایینی یارسان، ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداو دواتریش لە رێکەوتی ٢١ی جۆزەرداندا گیانی لەدەست دا.
دوابەدوای ئەم رووداوە نیکمەرد تاهیری خەڵکی شاری سەحنەی کرماشان رێکەوتی ١٥ی جۆزەردان لە شوێن هەمان رووداو و بە ئامادە بوونی خەڵک و فیلم هەڵگر ئاگری لەجەستەی خۆی بەردا و دەستبەجێ بووە هۆی گیان لەدەست دانی.

دوابەدوای ئەم رووداوانە رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١٩ی جۆزەردان هاووڵاتییانی کورد لە کرماشان سەبارەت بە سووکایەتی کردنی هێزە ئیتلاعاتییەکان بە پەیڕەوانی کوردی یارسانی، خۆپیشاندانێکی بەرینیان لەبەر دەم ئوستانداریی کرماشان بەڕێوە برد.

دەستبەسەر کرانی ئەندامێکی شۆرای یەکێک لە گوندەکانی ورمێ

فەردین مێهراب یەکێک لە ئەندامانی تازە هەڵبژێردراوی شۆرای گوندی "شەیتان ئاوا"ی سەربە ناوچەی ورمێ بەتاوانی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر و رەوانەی زیندانی ئیتلاعاتی شاری ورمێ کرا.

بەوتەی کەسانی ئاگادار "فەردین مێهراب" لەلایەن "حەیدەر عەلی" هاوڵاتیی ئازەرییەوە بە "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان تاوانبار کراوە.

دەگوترێت ئەو هاووڵاتییە ئازەرییە بەهۆی ئەوە کە لە هەڵبژاردنەکاندا دەنگی پێوسیستی نەهێناوەتەوە، بە هاوکاریی چەند کاسێکی سەربە سپای پاسداران بۆ سەپاندنی ئەو تۆمەتە، واژۆ کۆدەکەنەوە.

بۆکان/ دەستبەسەر کرانی هاووڵاتییەکی کورد

رۆژی شەممە رێکەوتی ٢٢ی پووشپەر هاووڵاتییەک بەناوی "یوسف ساڵح زادە" تەمەن ٤٣ ساڵ و کوڕی "کەریمی حاجی ساڵە"، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە لە ماڵەکەی خۆیدا لەشاری بۆکان دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزرا.

هێزە ئیتلاعاتییەکان هاوکات دەستیان بەسەر کۆمپیوتێر، مۆبایل و کۆمەڵێک کتێبی شەخسیی کوڕەکەی ناوبراویشدا گرتووە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەی یوسف ساڵح‌زادە لەمەڕ چارەنووسی رۆڵەکەیان، هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران هۆکاری دەستبەسەر کران و شوێنی راگیرانی ناوبراویان رانەگەیاندووە.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لەسەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا ٨٥ هاووڵاتیی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێــران لەلایەن ‌یزە ئەمنیەتی و عکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراون.

ئیدارەی ئیتلاعات، رێکخراوی زیندانەکانی رجایی شار، ورمێ و قوروە، هێزە ئینتزامییەکانی و پاسەوانی سنوور" ئەو رێکخراوە حکوومەتییانە بوون کە دەستیان لە ١٤ عاڵەت پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێراندا بووە.

سەرچاوەکان:
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا (٥ حاڵەت)
کەمپەینی دادکۆکی لە زیندانیانی سیاسی و مەدەنی (٣ حاڵەت)
ماڵپەڕی کوردستان میدیا ( ٢ حاڵەت)
ئاژانسی موکریان (١ حاڵەت)