حەفتەی چوارەمی مانگی پووشپەڕی ١٣٩٢ی هەتاوی

ئاژانسی کوردپا:بەمەبەستی زیاتر زەق کردنەوە و تاوتوێ کردنی مەسەلە پەیوەندیدارکانی تایبەت بە ژنان، ئاژانسی کوردپا بەشێوی حەفتانە راپۆرتێک لەژێر ناوی "بەرموور" بڵاو دەکاتەوە.

ئامانجی سەرەکی لە بڵاوکردنەوەی ئەم راپۆرتە تایبەتییە، زەق کردنەوەی پێشلکارییەکانی دەرهەق بە ژنان و هەروەها گرینگی دان بە سەرجەم چالاکییەکانی ژنان کە لەلایەن ژنان و رێکخراوەکانی پەیوەندیدار بە ژنانەوە ئەنجام ئەدرێت.

بەهۆی بەربڵاوی و گرینگیی ئەم بابەتە و هەروەها نەبوونی دەنگدانەوە لە ناو میدیاکاندا، "بەرموور" بە شێوەی دیاریکراو دەپرژێتە سەر بابەت و مەسەلەکانی ژنان لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، بەڵام ئەمە بەو واتایە نییە کە ناوچەکانی دیکەی ئێران دەخرێنە پەراوێزەوە، بۆیە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا هەوڵ ئەدات بەپێی ئیمکان، گرینگی بە سەرجەم ناوچەکان دیکەی ئێرانیش بدات.

لە راپۆرتی ئەم حەفتەیە دا، درێژەی خۆکوژیی ژنان و کچانی کورد، دەستبەسەرکرانی هاووڵاتییەکی پێڕەوی ئایینی مەسیحی، بێبەش کرانی هاووڵاتییەکی بەهایی لە خوێندن، دەستبەسەرکرانی فەریبا پژوه، دادگایی کردنی فایزە رەفسەنجانی و مورەخەسی دان بە "مەهسا ئەمرئابادی" دەخرێتەڕوو.

کوردستـــــــــــان

درێژەی خۆکوژیی ژنان و کچانی کورد

لە ماوەی حەفتەی رابردوودا ٣ ژن و کچی کورد لە شارەکانی شنۆ، کامیاران و نەغەدە دەستیان داوە خۆکوژی و گیانیان لە دەست داوە.

بە پێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاوبوونەتەوە رۆژی هەینی ٢١ی پووشپەڕ، ژنێک بە ناوی "گەوهەر" خەڵکی گوندی "ئەمیرئاباد"ی سەربە شاری شنۆ ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداو لە ئاکامدا گیانی لە دەست دا.

دەگوترێت "گەوهەر" دایکی کچێکی تەمەن ٣ ساڵ بەناوی "هانا" بووە کە بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە و لە داخی هاوسەرەکەی بەناوی "فەیسەڵ" کۆتایی بەژیانی خۆی هێناوە.

لەلایەکی دیکەوەو لەماوەی رۆژانی حەفتەی رابردوودا کچێکی دیکەی کورد بەناوی "کوبرا ئەحمەدی" خەڵکی شاری "نەغەدە" خۆی هەڵواسیوەو لە ئەنجامدا بووە هۆی گیان لەدەست دانی.

بەوتەی کەسانی نزیک لەو بنەماڵەیە، بەهۆی ئەوە کە بنەماڵەی "کوبرا" رێگرییان لە شوو کردنی ناوبراو بە کوڕی دڵخوازی خۆی کردبوو، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

هەروەها رۆژی شەممە رێکەوتی ٢٢ی پووشپەر ژنێک بەناوی "بەهارە ئەسەدی" دانیشتووی گەڕەکی "فەرهەنگ سەرا"ی شاری کامیاران بەهۆیەکی ناڕوون ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار ئەو ژنە ٩٠%ی جەستەی تووشی سووتان بووەو هەنووکە لە نەخۆشخانەی شاری کرماشان لەژێر چاوەدێریی پزیشکی دایە.
پزیشکانی نەخۆشخانەی شاری کرماشان باردۆخی تەندرووستیی ئەو ژنە کوردەیان نالەبەر راگەیاندووە.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لەسەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا ٢٧ ژن و کچی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران بەهۆکاری جۆراوجۆر کۆتاییان بەژیانی خۆیان هێناوە.

هەروەها بەپێی ئەو ئامارە ٩ حەڵەتی خۆکوژییەکان لە رێگەی خۆهەڵواسین، ١٤ حاڵەتیش لە رێگەی خۆ سووتاندن و ٤ حاڵەتیشیان بە زەبری چەک و خۆ خنکاندن لە نێو ئاودا بووە.

ئەو ئامارە رێژەییە و بەپشت بەستن بە ئاماری ئاژانسی کوردپا بڵاو دەکرێتەوە، بەسەرنجدان بە نەوونی میدیای ئازاد و هەروەها نەریتی بوونی کۆمەڵگەی کوردەواری، زۆربەی خۆکوژیی ژنان و کچانی کورد پەردەپۆش دەکرێن و بە شاراوەیی دەمێننەوە، بۆیە دەکرێ ئاماری راستەقینە لەو رێژەیە زیاتر بێت.

ئێـــــــــــــــــــــــــران

دۆخی ژنانی پەیڕەوی کەمینە ئایینیەکان

هەرچەند بە پێی ماددەی ١٣ی یاسای بنەڕەتیی ئێران، ئاییەنکانی "مەسیحی، زەڕدەشتی و یەهوودی" بە فەرمی ناسراوە و دەتوانن لە چوارچێوەی ئەو یاسایەدا رێوڕەسە ئایینییەکانی خۆیان بەڕێوە ببەن، بەڵام لە ماوەی دەسەڵاتدارێتی حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا، پەیڕەوانی ئەم ئایینانە هیچکات وەک هاووڵاتییەکی پلە یەک چاویان لێ نەکراوەو لە بەشێکی زۆر لە مافەکانی خۆیان بێبەری و بەردەوام لە ژێر ئازار و ئەشکەنجەدا بوون.

ئەم گوشارانە بۆ سەر پێڕەوانی ئایینی بەهایی و ئەو ئایینانەی کە لە یاسای بنەڕەتی ئێراندا بە فەرمی نەناسراون چەند قات بووە.

لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا گوشار بۆ سەر پەیڕەوانی ئەم ئایینانە زیادی کردووە بە چەشنێک کە بەشێک لەم هاووڵاتییانە دەستبەسەر کراون، بەشێکیان بە زیندان مەحکوم و تەنانەت هێندێکیشیان لە درێژە دان بە خوێندن بێبەش کراون.

رۆژی هەینی ٢١ی پووشپەڕ، نەسیم زەنجانی" هاووڵاتیی دانیشتوی تاران کە بە تازەیی دینی مەسیحی هەڵبژاردووە، لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا.

هێزە ئەمنیەتییەکن وێڕای پشکنینی ماڵی ناوبراو، دەستیان بە سەر "کامپیۆتێر، کۆمەڵێک کتێب و سی دی"ی ناوبراودا گرتووە.

هەتا کاتی بلاوبوونەوەی ئەم راپۆرتە لە شوێنی راگیرانی ئەم هاووڵاتییە مەسیحییە هیچ هەواڵێک لە بەر دەست دا نییە.

لە لایەکی دیکەوە، لە ماوەی رۆژانی رابردوودا خویندکارێکی بەهایی بە هۆی باوەڕمەندبوون بە ئایینی بەهایی، لە درێژەدان بە خوێندن لە زانکۆی نێونەتەوەیی " قەزوێن" بێبەش کراوە.

تەنین تورابی،خوێندکاری تێرمی ٣ی رشتەی زمان و وێژەی ئینگلیزی لە زانکۆی نێونەتەوەیی شاری قەزوێن

"تەنین تورابی" خوێندکاری تێرمی ٣ی رشتەی زمان و وێژەی ئینگلیزی لە زانکۆی نێونەتەوەیی شاری قەزوێن، بەهۆی باوەڕمەندبوون بە ئایینی بەهایی، مافی درێژەدان بە خوێندنی لێ زەوت کرا.

ئەو کچە خوێندکارە خەزەڵوەری ساڵی رابردوو لەلایەن حیراسەتی زانکۆی شاری "قەزوێن"ـەوە بانگهێشت و لەلایەن مەئموورانی ئەمنیەتیی ئاگادار کرابوویەوە کەلە ماوەی خوێندنیدا لەو زانکۆیە، یاساکانی نیزام و بڕیاراتی زانکۆ لە سەرووی ئایینەکەیەوە دابنێت.

تەنین تورابی بەهۆی ئەوە کە ئامادە نەبووە داوای ‌هێــزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لەبەر چاو بگرێت، بەبڕیاری راستەوخۆی هێزە ئیتلاعاتییەکان لە زانکۆ دەرکراوە.

هەروەها لە ماوەی رۆژانی رابردوودا، "ئایدا بەندی" هاووڵاتیی بەهایی و خوێندکاری تێرمی دووەمی بەشی زمان و وێژەی ئینگلیزیی زانکۆی "پەیام نوور"ی شیراز لە خوێندن بێبەش کرا.

دۆخی چالاکانی ژن لە ئیراندا

بە پێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، فەریبا پژوه، هەواڵنێری پێشووی هەواڵدەریی "ئیلنا" و رۆژنامەکانی سەربە بەرەی ریفۆرمخوازەکان وەک: "آفتاب یزد"، "اعتماد ملی" رۆژی چوارشەممە ١٩ی پووشپەڕ دەستبەسەر و بۆ ژوورە تاکەکەسییەانی بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین گوازرایەوە.

فەریبا پژوه، هەواڵنێری پێشووی هەواڵدەریی "ئیلنا" و رۆژنامەکانی سەربە بەرەی ریفۆرمخوازەکان

فەریبا پاش هەڵبژاردنەکانی خولی دەیەمی سەرکۆماری لە ساڵی ٨٨ دەستبەسەر و پاش ١٢٤ رۆژ بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.

ناوبراو لە لایەن دادگای شۆڕشەوە بەتاوانی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە یەک ساڵ حەبسی تەعزیری مەحکوم کرا کە دواتر دادگای پیداچوونەوە ئەم حوکمەی بۆ ٥ ساڵ زیندانیی هەڵپەسێراو گۆڕی.

بە وتەی دایکی فەریبا پژوه، پەروەندەی ناوبراو بۆ لقی دووەمی بازپورسیی دادسەرای ئێڤین گوازراوەتەوە، بەڵام لێککۆڵینەوەکانی فەریبا هێشتا کۆتایی پێ نەهاتووە.

فەریبا پژوه لە ماوەی رابردوودا لەگەڵ هیچ رۆژنامە یان راگەیاندنێک هاوکاری نەبووە.

لە لایەکی دیکەوە غوڵامعەلی ریاحی پارێزەری فایزە هاشمی، رایگەیاندووە کە ناوبراو رۆژی ١٦ی گەلاوێژ، لە لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران بە تاوانی تێکدانی نەزمی زیندان لەماوەی دەستبەسەرکرانیدا دەخاتە بەر باس.

فایزە هاشمی

فایزە هاشمی ساڵی ١٣٩٠ لەلایەن لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تارانەوە بە تاوانی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە ٦ مانگ حەبس و ٥ ساڵ دوورخرانەوە لە چالاکیی سیاسی، فەرهەنگی و راگەیاندنی مەحکوم کرا. ناوبراو لە رەزبەی ١٣٩١ بە مەبستی تێپەڕندنی دەورانی مەحکومیت خۆی بە زیدانی ئێڤین ناساند.

فایزە هاشمی رۆژی سێشەممە ٢٩ی رەشەمەی ١٣٩١ پاش شەش مانگ و کۆتایی هاتنی دەورانی حوکمەکەی لە زیندان ئازاد کرا.

لە لایەکی دیکەوە، "مەهسا ئەمرئابادی" رۆژنامەنووس، رۆژی چوارشەممە ٢٦ی پووشپەڕ مورەخەسی پێدرا.

مەهسا ئەمرئابادی، رۆژنامەنووس

مەهسا ئەمرئابادی لە ١٠ی رەشەمەی ١٣٨٩ بە تاوانی ناڕەزایەتی دەربڕین دژی زیندانی کرانی موسەوی و کەڕووبی دەستبەسەر و لە ٢٢ی جۆزەردانی ١٣٩٠، بە تاوانی "پـڕوپاگەندە بەدژی نیزام لە رێگەی ووتوێژ و راپۆرت"ەوە لە لایەن لقی ٢٨ی دادگای ئینقلابی ئیسلامییەوە بە ١ ساڵ زیندانیی تەعزیری و ٤ ساڵ زیندانییی هەڵپەسێراو مەحکوم کرا.

ناوبراو لە ٢٢ی بانەمەڕی ئەمساڵ بە مەبستی تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی، خۆی بە کاربەدەستانی زیندانی ئێڤین ناساندبوو.

سەرچاوەکان:
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا
هەواڵدەریی هێرانا
ئاژانسی هەواڵدەریی فارس
ماڵپەڕی پەیام