ئاژانسی کوردپا: كتێبی "مێژووی نەورۆز و كرۆنۆلۆژیای ئێران" لە نووسینی "عەبدولعەزیم رەزایی" لەلایەن "شەریف فەلاح" وەرگێڕ و چالاكی فەرهەنگیی رۆژهەڵاتی كوردستانەوە وەرگێڕدرایە سەر زمانی كوردی و چاپ و بڵاو كرایەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، كتێبی "مێژووی نەورۆز و كرۆنۆلۆژیای ئێران" لەدووتوێی ٥٣٤ لاپەڕە و بە ئەژماری ١٠٠٠ دانە سەرەتای مانگی پووشپەڕی ١٣٩٢ی هەتاوی لەلایەن خانەی مۆكریانی بۆ چاپ و بڵاوكردنەوە لە شاری هەولێر چاپ و بڵاو كرایەوە.

ئەم كتێبە یەكێک لەو كتێبە سەرچاوە و بەنرخانەیە كە لەبارەی نەورۆزەوە بە زمانی فارسی نووسراوە و لە بیست و شەش بەشی جیاجیا و بە میتۆدی مێژوویی ـ شیكاری نەورۆز و رەهەند و لایەنە پێوەندیدارەكانی لە چەندین قۆناغدا لەناو ئەو نەتەوە و ئێتنیكانەی كە خۆیان بە خاوەنی نەورۆز دەزانن، شیكردۆتەوە.

شەریف فەلاح، شاعیر و چالاكی ئەدەبی

لە كتێبی نەورۆزدا، هاوكات بە وردی باسی مێژووی كرۆنۆلۆژیای ئێران، رۆژژمێر، ساڵ، مانگ و رۆژ و ناوە جیاوازەكان لە قۆناغە جیاجیاكان لەناو نەتەوە و گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كردووە.

ئەو شاعیرە کوردە سەرماوەزی ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی بەرگی یەكەمی پڕۆژەی ئەدەبیی ٥ بەرگیی "رۆچنەیەک بۆ ئەدەبی كوردی لە رۆژهەڵاتی كوردستان" كە تایبەت بە زمان و ئەدەبی زارەكییە، لە ٥٥٠ لاپەڕەدا چاپ و بڵاو کردەوە.

ـ شەریف فەلاح، شاعیر و چالاكی ئەدەبی لەدایک بووی ساڵی ١٣٥٣ی هەتاوییە لە شاری سنە

_ لەبارەی ئەدەبیات و هونەرەوە، نووسینی کۆمەڵێ نووسەری بیانی، وەرگێران یەکەم بەرهەمیەتی کە ساڵی ٢٠٠٩ لەلایەن "بەڕیوەبەرایەتیی چاپ و بڵاوکردنەوەی سلێمانی"یەوە چاپ کراوە.

ئەم بەرهەمانەشی ئامادەی چاپن:

١– جادەکان دەگەنە دەریا، کۆمەڵە شیعر
٢ـ چەند تێڕامانێک لە حكوومەتی هەڵبژێردراو، جان ئیستوارت میل، وەرگێڕان
٣ ـ حیكایەتەكانی ئەو ساڵانە "چیرۆک ـ عەلی ئەشرەف دەروێشیان"، وەرگێڕان
٤ـ ژیانێكیتر كورتە چیرۆكی ئیتالیایی "ئەلبێرتۆ موراڤیا"، وەرگێڕان
٥ ـ مێژووی نەورۆزو كڕۆنۆلۆژیای ئێران "مێژوویی"، وەرگێڕان
٦ ـ نەشتەرگەری شێت، یۆرگن تورواڵد "رۆمان"، وەرگێڕان
٧ ـ كۆكردنەوەی دوو چیرۆکە شێعری رەسەنی کوردی بەناوەکانی (عەزیز و كوبرا و وەنەوش و بەڕەزا) بە هاوکاریی حەسەن سەلیمی