۱۲ی خەزەڵوەری ۱۴۰۵؛ لە دوای بەڕێوەچوونی ڕاهێنانی سەربازیی حکوومیی «جان‌فەدا» کە بڕیارە چوارشەممە ۱۳ی خەزەڵوەری ۱۴۰۵، هاوکات لەگەڵ «ڕۆژی قوتابی و خەبات دژ بە ئێستکباری جیهانی» بەڕێوە بچێت، شارەوانیی بۆکان بە دەرکردنی فەرمانێک ڕوو لە سەرجەم ئۆرگان و ئیدارە دەوڵەتییەکان، ناچار بە بەشداریکردن لەم ڕێوڕەسمەی کردوون. بەپێی ئەم فەرمانە، کارمەندانی ئیدارە حکوومییەکان ناچار کراون لەم ڕاهێنانە سەربازییەدا بەشداری بکەن.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا و بەپێی نامەی شارەوانیی بۆکان بە ڕێکەوتی ۱۲ی خەزەڵوەری ۱۴۰۵، بە واژۆی «ئەمیر ئەحمەدی»، شارەداری بۆکان، کە کۆپییەکی بەدەست کوردپا گەیشتووە، داوای بەشداریی بەرفراوان لە سەرجەم کارمەندانی شارەوانی، ڕێکخراوەکان و یەکە پەیوەندیدارەکان بۆ بەشداریی بەرفراوان لە ڕاهێنانی سەربازیی حکوومیی «جان‌فدا» کراوە کە چوارشەممە ۱۳ی خەزەڵوەری ۱۴۰۵ بەڕێوە دەچێت و داوا کراوە بە دروشمی «پەدافندی خەڵک تەوەر، ئێرانی بەردەوام» لە شوێنە دەستنیشانکراوەکاندا ئامادە ببن. بەپێی ئەم ئاگادارییە، کارمەندان دەبێت ڕێک کاتژمێر ۸ی بەیانی لە شوێنی گۆڕستانی شاری بۆکان ئامادە بن.

ئەم فەرمانە نووسراوە دوو گرووپ لە کارمەندان دەگرێتەوە؛ هەموو هاوکاران و کارمەندان کە دەبێت ڕێک کاتژمێر ۸ی بەیانی لە شوێنی گۆڕستانی شاری بۆکان ئامادە بن تا لەگەڵ بەرپرساندا بۆ شوێنی بەڕێوەچوونی ڕاهێنانەکە بەڕێ بکرێن. هەروەها ئەندامانی گوردانە ڕێکخراوەکان، کە ئەو کەسانە دەگرێتەوە لە پێشتردا بۆ بەشداری لەم گوردانەدا هەڵبژێردراون، دەبێت ڕێک کاتژمێر ۷:۳۰ی بەیانی لە شەقامی هەواشناسی ئامادە بن و خۆیان بە « عەبدولحەکیم هاشمی» بناسێنن.

سەرچاوە ئاگادارەکەی کوردپا جەخت دەکاتەوە کە ئەم فەرمانە زۆرەملێیە جگە لە کارمەندانی شارەوانیی بۆکان، بۆ سەرجەم ئیدارە حکوومییەکان نێردراوە و کارمەندانی ئەم ئیدارەیانە ئەرکدار بە بەشداری لەم ڕێوڕەسمەدا کراون. هەروەها بەوتەی ئەم سەرچاوەیە، کۆمەڵێک لەم گرووپانە بۆ ڕاهێنانی ڕێپێوانی سەربازیی کۆ بوونەتەوە.

میدیا حکوومییەکان ڕایانگەیاندووە کە بەرنامە تایبەتەکانی ۱۳ی خەزەڵوەر، کە لە ڕۆژژمێری حکوومیدا بە ناوی «ڕۆژی خەبات دژ بە ئیستکباری جیهانی» و «ڕۆژی قوتابی» ناودێر کراوە، لە چوارچێوەی ڕاهێنانی سەربازیی «جان‌فەدا»دا بەڕێوە دەچن.

پڕۆژەی ناسراو بە «جان‌فەدا» دوای گرژییە سەربازییەکانی ساڵی ۲۰۲۶ی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئیران، ئەمریکا و ئیسرائیل، لەلایەن سپا و بەسیجەوە دامەزرا و لە کۆتاییەکانی هاوینی ۱۴۰۵ەوە بە دەرکردنی ڕێنمایی کارگێڕیی زۆرەملێ بۆ دامودەزگاکانی وەک شارەوانییەکان، کارمەندانی ژێر هەڕەشەی سزای کارگێڕی و پیشەیی ناچار بە بەشداری لە گوردانە ڕێکخراوەکاندا کرد. مانۆڕی میدیایی حکوومەت لەسەر ئەم ڕاهێنانە سەربازییە لە بۆنەی ۱۳ی خەزەڵوەردا بە مەبەستی شاردنەوەی قەیرانی شەرعییەت، نیشاندانی هێزی بەرپەرچدانەوە و بە بەخشینی سیفەتی «پشتگیریی خۆبەخشانەی جەماوەری» بەم بەشدارییە زۆرەملێیە ئەنجام دەدرێت.

ئەم ڕێوڕەسمە حکوومییە لە کاتێکدا بە ئەمنییەتی تەواوەوە بۆ لایەنگرانی حکوومەت بەڕێوە دەچێت کە کۆمەڵگە لەژێر گوشاری تاقەتپڕوێنی هەڵاوساندایە، خۆپیشاندانەکان بە سەرکوت و کوشتار (وەک کارەساتەکانی مانگی بەفرانبار) وڵام دراونەتەوە و تەنانەت «ستۆرییەکی ناڕەزایەتی» بە زیندان و سێدارە تاوانبار دەکرێت. لە ڕوانگەی مافی مرۆڤەوە، ئەم جیاکارییە ڕوونە و بەکارهێنانی بژێویی کارمەندان وەک ئامرازێک، نموونەیەکی دیاری جیاکاریی سیستماتیک، پێشێلکردنی ئازادیی ڕادەربڕین و زەوتکردنی ئازادیی ئیرادە و کەرامەتی مرۆڤە (بابەتی ماددەکانی ۱ و ۵ی جاڕنامەی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ).