۱۲ی خەزەڵوەری ۱۴۰۵؛ لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا، لە شەپۆلێکی دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی هاووڵاتییان لە شارەکانی بۆکان و پیرانشار، لانیکەم ۶ هاووڵاتی بە ناوەکانی «مامۆستا مەلاحەسەن مەحموودی»، «فەتاح حاجیزادە»، «نەوید مستەفازادە» و «ئارام وەفایی» لە بۆکان و «موراد حاسڵ ئەبووبەکری» و «سادق ئەبووبەکری» لە پیرانشار، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کراون. ئەم هاووڵاتییانە دوای دەسبەسەرکردنیان بۆ شوێنی نادیار گوازراونەتەوە و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنیان لەبەر دەستدا نییە. هەروەها، لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پەیوەندی بە بنەماڵەکانیانەوە بێبەش کراون.
لە بەرەبەیانیی سێشەممە ۱۲ی خەزەڵوەری ۱۴۰۵دا، چوار هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان بە ناوەکانی «مامۆستا مەلاحەسەن مەحموودی»، پێشنوێژی مزگەوتی ئاوایی «کانیتۆمار»، «فەتاح حاجیزادە»، خەڵکی ئاوایی «گامێشگۆلی»، «نەوید مستەفازادە»، ۲۱ ساڵە و خەڵکی ئاوایی «داشبەند»، و «ئارام وەفایی»، بەبێ بەڵگەی یاسایی و بە شێوەیەکی سەرەڕۆیانە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراونەتەوە.
بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکانی کوردپا، «مامۆستا مەلاحەسەن مەحموودی»، ۵۳ ساڵە و کوڕی عومەر، کە بۆ ماوەی ۱۰ ساڵە پێشنوێژی مزگەوتی ئاوایی «کانیتۆمار»ە، بەرەبەیانیی ۱۲ی خەزەڵوەری ۱۴۰۵ بە هەڵکوتانە سەر ماڵەکەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کرا. لە کاتی ئەم دەسبەسەرکردنە سەرەڕۆیانەیەدا، هێزە ئەمنییەکان بە شکاندنی دەرگای ماڵەکە چوونەتە ژوورەوە، لە بەردەم چاوی ئەندامانی بنەماڵەکەیدا لێیان داوە و کەلوپەلە کەسییەکانی، لەوانە مۆبایل و کتێبەکانیان زەوت کردووە.
«نەوید مستەفازادە» لەنێو ئەو کەسانەدایە کە لە ڕەشەمەی ١٤٠٢یشدا بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و دوای تەواوبوونی قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.
لەلایەکی ترەوە، ڕۆژی دووشەممە ۱۱ی خەزەڵوەری ۱۴۰۵، دوو هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار بە ناوەکانی «موراد حاسڵ ئەبووبەکری»، کوڕی بابەکر، کاتژمێر ۸ی شەو بە هەڵکوتانە سەر ماڵەکەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە و «سادق ئەبووبەکری»، ڕاهێنەری یانەی فووتباڵ و فووتساڵی «هەدەف»ی پیرانشار، لە ناو شاردا و بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کران.
هەر شەش هاووڵاتییە کوردەکە بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کراون و دوای ئەوە بۆ شوێنی نادیار گوازراونەتەوە. بە تێپەڕبوونی کات بەسەر دەسبەسەرکردنیاندا، تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنیان لەبەر دەستدا نییە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە، هۆکارەکانی دەسبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە کوردانە ڕوون نەبووەتەوە و هێزە ئەمنییەکانیش هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لەمبارەیەوە نەداوە. هەروەها، ئەم هاووڵاتییانە لە کاتی دەسبەسەرکردنیانەوە تا ئێستا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و پەیوەندی لەگەڵ کەسوکاریان بێبەش کراون.





