ئاژانسی كوردپا: كۆمەڵەی مافی مرۆڤی كوردستانی ئێران ـ ژێنێڤ كونفرانسێكی لەسەر "مافی خوێندن بە زمانی دایك لە ئێران" بەڕێوە برد.
بەپێی راپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، كونفرانسەكە هاوكات لەگەڵ بیست و یەكەمین خولی كۆبوونەوەكانی كومیسیۆنی مافی مرۆڤی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە بنكەی سەرەكیی ئەو رێكخراوە لە ژنێڤ بە هاوكاریی رێكخراوی نێونەتەوەیی گەشەپێدان و پەروەردە، پارێزەرانی نێونەتەوەیی مافی مرۆڤ لە ئەمریكا و بزووتنەوەی دژی راسیزم بۆ دۆستایەتیی نێوان گەلان بەڕێوە چوو.

دەقی راپۆرتەكە:
تیەیموور ئەلیاسی لە بەڕێوەبەرانی ئەو كۆنفرانسە وێڕای ئاماژە كردن بە بەندی 15ی یاسای بنەڕەتیی ئێران كە لەوێدا هاتووە" زمانی فەرمیی وڵات فارسییە" و هەروەها گرنگیی خوێندن بە زمانی دایك لە ئێران و كوردستان قسەكانی دەست پێكرد.
ساڵح ئەكین، پرۆفیسۆری زمان لە زانكۆی "روان" لە فەرانسە،لە وتارێكی زانستیدا باسی سیاسەتی 100 ساڵەی "ئاسیمیلاسیۆن" و لەناوبردنی زمانی كوردی لەلایەن وڵاتانی ئێران، توركیە، عێراق و سووریەوە كرد.
لە درێژەیوتارەكەیدا، مامۆستا ئەكین، رایگەیاند لە كاتێكدا وڵاتانی ئێران و توركیە و سووریە زمانی دایكییان لە زیاتر لە 30 میلیۆن كورد قەدەغە كردووە، وڵاتی سووئێد زیاتر لە 500 مامۆستای كوردی بۆ گوتنەوەی وانەی كوردی دامەزراندووە و لە هەر شارۆچكەیەك كە زیاتر لە 10 منداڵی كۆچبەری كوردی تێدا دەژیت، مامۆستایەكی كوردی دادەمەزرێنن.
دواتر ئۆزجان یەڵماز مامۆستا لە زانكۆی ژێنێڤ، وتارێكی لەسەر زاراوەی زازاكی پێشكەش كرد و باسی مەترسیی لەناوچوونی ئەو زاراوەیەی كرد. مامۆستا ئوزجان لە قسەكانیدا باسی لە سیاسەت و رۆلی توركیەی لە تواندنەوەی زمانی كوردیدا كرد.

لە تەوەرێكی دیكەی كونفرانسەكە، ناسر بولیدەیی، نوێنەری كونگرەی نەتەوەكانی ئێرانی فیدراڵ، باسێكی لەسەر سیاسەتی "ئاسیمیلاسیۆن" و "شۆڤینیزمی" حكوومەتتی ناوەندی بۆ تواندنەوەی زمانی گەلانی بەلووچ و كورد و نەتەوەكانی دیكەی ئێران كرد و بێدەنگیی هێزە ئۆپۆزیسیۆنە فارسەكانی لەو بوارەدا مەحكووم كرد.
خاتوو مارتینا تیریسڤا، پسپۆڕ لە بواری زمان لە زانكۆی ژێنێڤ، لە وتارەكەیدا باسی گرنگیی پاراستنی زمانی گەلانی بندەستی كرد و داوای لە رێكخراوەكانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان كرد بۆ پاراستنی زمانی گەلانی ژێردەست و هەڕەشە لێكراو میكانیزم و رێكاری گونجاو بگرنە بەر
كۆمەڵەی مافی مرۆڤی كوردستانی ئێران ـ ژنێڤ





