ئاژانسی كوردپا: دەفتەری یەكەمی كتێبی "كەلهوڕەنامە" لە نووسینی ناهید محەممەدی بە ئامادە بوونی دوكتور میرجەلالەدین كەزازی و دوكتۆر قوتبەدین سادقی و محەممەد رەئووف مورادی لە فەرهەنگسەرای "ئەرەسباران"ی تاران پەردەی لەسەر لادەدرێت.

هەواڵدەریی كتێبی ئێران (ئیبنا) بە پشت بەستن بە پێوەندییە گشتییەكانی بەڕێوەبەریی ناوەندی فەرهەنگی، هونەریی ناوچە 3 و فەرهەنگسەرای ئەرەسباران لە تاران، رۆژی دووشەممە رێكەوتی 23ی گەلاوێژ بەرگی یەكەمی كتێبی "كەلهوڕنامە" بەرهەمی چەند بەرگی لە نووسینی ناهید محەممەدی شاعێر و توێژەری كورد بە ئامادەبوونی دوكتور میرجەلالەدین كەزازی، دوكتۆر قوتبەدین سادقی و محەممەد رەئووف مورادی پەردەی لەسەر لادەدرێت.

ناوەرۆكی كەلهوڕنامە بریتیە لە چەند بەشێك لە ئەدەبیاتی فۆلكلۆر و زارەكیی كوردی بە زاراوەی كەلهوڕی پێكهاتووە كە یەكەم بەرگی بە پێشەكیی دوكتۆر میرجەلالەدین كەزازی و "هەڵكەوت حەكیم" مامۆستای زمان و ئەدەبیاتی كوردیی زانستگای پاریس و هەروەها رێنوێنی و راوێژكاریی "ماجد مەردۆخ رۆحانی" یەكێك لە كارناسانی ئەدەبیاتی كوردی، لەلایەن وەشانگەی "دەستان" لە مانگی گەلاوێژی ئەمساڵدا چاپ و بڵاو كراوەتەوە.
ناهید محەممەدی شاعیر و توێژەری كورد ساڵی 1354ی هەتاوی لە شاری قەسر شیرین لەدایك بووە.
هەتا ئێستا چوار كۆمەڵە شێعری بە زاراوەی كەلهوڕی بەناوەكانی "چەوەڕێ، دەروەچەیل شەكەت، هاواری بەڕوو، و نێرگزی پەژارە"ی بڵاو كردۆتەوە.





