٣٠ی خەرمانانی ١٤٠٥؛ «مەهدی پاکمێهر»، هونەرمەند و گۆرانیبێژی کوردی خەڵکی بۆجنوورد لە پارێزگای خوراسانی باکوور، کە لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤دا زیاتر لە دوو مانگ لە دامەزراوە ئەمنییەکاندا بەشێوەی سەرەڕۆیانە دەسبەسەر کرابوو و پێشینەی چەندین جار دەسبەسەرکرانی هەبوو و خاوەنی دوو دۆسییە لە دادگای ئینقلاب و کەیفەریدا بوو، بۆ جێبەجێکردنی سزای ٦ ساڵ و ٣ مانگ بەندکرانی داسەپاو، ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی بۆجنوورد کرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای ڕاگەیاند؛ ئەمڕۆ دووشەممە ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠٥، هێزە ئەمنییەکان هەوڵی دەسبەسەرکردنی «مەهدی پاکمێهر»، هونەرمەند و گۆرانیبێژی کوردی خەڵکی بۆجنووردیان بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاكەی دا، بۆ بەشی ئەمنیی زیندانی ناوەندیی بۆجنووردیان ڕاگواست. هەروەها هێزە ئەمنییەکان هاوکات لەگەڵ دەسبەسەرکردنی ئەم هونەرمەندە کوردە، موبایلەکەیان بێ بەڵگەی یاسایی زەوت کردووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە.

٢٤ی جۆزەردانی ١٤٠٥ «مەهدی پاکمێهر»، هونەرمەند و گۆرانیبێژی کوردی خەڵکی بۆجنوورد لە پارێزگای خوراسانی باکوور، کە لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤دا زیاتر لە دوو مانگ لەلایەن دامەزراوە ئەمنییەکانەوە بە شێوەی سەرەڕۆیانە دەسبەسەر کرابوو، لەم دواییانەدا لە دوو دۆسییەی جیاوازدا لە دادگاکانی ئینقلاب و کەیفەریی بۆجنوورد بەگشتی بە ٦ ساڵ و ٣ مانگ بەندکران و لێدانی ٧٤ قامچی مەحکووم کراوە. ناوبراو هەروەها دەبوو تا ڕۆژی ٢٦ی جۆزەردانی ١٤٠٥ بۆ جێبەجێکردنی سزاکەی لەلایەن دادگای کەیفەرییەوە، خۆی بە زیندانی بۆجنوورد بناسێنێ، بەڵام ئەو لە ڕادەستکردنی خۆی بۆ جێبەجێکردنی ئەم سزا نادادپەروەرانەیە تا کاتی دەسبەسەرکرانی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە خۆی بوارد.

شایانی باسە دەرکردنی ئەم سزایانە لەکاتێکدا بووە کە مەهدی پاکمێهر تەنیا لە دوو دانیشتنی دادگای چەند خولەکی، بێ دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و بێ بەهرەمەندبوون لە مافی بەرگری دادگایی کراوە. ناوبراو دوای ناڕەزایەتیدەربڕین بەرانبەر بە بڕیاری سەرەتایی دادگای ئینقلاب، تووشی قورسکردنی سزا بووەتەوە و سزای یەک ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراوی بووەتە یەک ساڵ بەندکرانی داسەپاو. ئەم هونەرمەندە کوردە لە ماوەی دوو مانگ دەسبەسەرکردندا، لەکاتێکدا کە بریندار بوو، کەوتووەتە ژێر ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی و لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە، پەیوەندیی تلفۆنی و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش کرابوو. 

٦ ساڵ و ٣ مانگ بەندکرانی داسەپاو و ٧٤ قامچی بۆ مەهدی پاکمێهر؛

بۆ مەهدی پاکمێهر دوو دۆسییەی جیاواز لە دادگای ئینقلاب و دادگای کەیفەریی بۆجنوورد پێکهێنرابوو. ئەو لە یەکێک لە لقەکانی دادگای ئینقلابی بۆجنوورد بە تۆمەتەکانی «پوڕوپاگەندە دژی ڕێژیم» و «کۆبوونەوە و ڕێککەوتن بۆ ئەنجامدانی تاوان دژی ئاسایشی ناوخۆیی و دەرەوەی وڵات» سەرەتا بە چوار ساڵ بەندکرانی داسەپاو و یەک ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراو مەحکووم کرا، بەڵام دوای ناڕەزایەتیدەربڕین بەرانبەر بە بڕیارەکە، سزاکەی قورس کرایەوە و بۆ ٥ ساڵ بەندکرانی داسەپاو زیادی کرد.

هەروەها لقی دووەمی دادگای کەیفەری بۆجنوورد بە سەرۆکایەتیی دادوەر «مورادی» ناوبراوی بە تۆمەتی «تێکدانی نەزمی گشتی لە ڕێگەی نانەوەی ئاژاوەوە» بە یەک ساڵ و سێ مانگ بەندکران و ٧٤ قامچی مەحکووم کردووە. بە ئەژمارکردنی ڕۆژانی دەسبەسەرکرانی پێشوو، ناوبراو دەبێت لە ڕۆژانی داهاتوودا بۆ جێبەجێکردنی ئەم سزایە خۆی بە زیندان بناسێنێت.

دانیشتنەکانی دادگا لە کاتی دەسبەسەرکردنی کاتی و دوای گواستنەوەی بۆ بەندیخانەی بۆجنوورد بەڕێوە چوون؛ ئەو کاتەی کە ئاسەواری ئەشکەنجە و برینە جەستەییەکان تا ڕادەیەک کەمی کردبووەوە. بە وتەی ناوبراو، مەهدی پاکمێهر تەنیا لە یەک دانیشتنی چەند خولەکی دادگای ئینقلابدا ئامادە بوو و بڕیار بوو لە دانیشتنێکی دیکەشدا بەشدار بێت، بەڵام بەهۆی بارودۆخی سەرچاوەگرتوو لە شەڕی ٤٠ ڕۆژە و بەرکەوتنی هەندێک ناوەند لە هێرشەکاندا، بە دەسبەسەرکراوەکان ڕاگەیەندرا کە بەشداری لە دانیشتنی دووەمدا پێویست نییە و هەمان دانیشتنی یەکەم بەس دەبێت. لە کۆتاییدا سزای ٥ ساڵ بەندکرانی داسەپاو لەسەر بنەمای هەمان دانیشتنی کورت دەرچوو.

لە دۆسییەی دادگای کەیفەریشدا ئەو دوای ئازادکردنی کاتی تەنیا لە یەک دانیشتنی چەند خولەکیدا بەشدار بوو و دادوەر بێ ڕەچاوکردنی بەرگرییەکانی ناوبراو بڕیاری خۆی دەرکرد. هەروەها بەهۆی دەستکورتیی داراییەوە دەرفەتی هەڵبژاردنی پارێزەری نەبوو و دادگاش هیچ پارێزەرێکی بۆ دیاری نەکرد.

دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی مەهدی پاکمێهر بە برینداری لە هێرشی چەکدارانەدا بۆ سەر کافەکەی؛

مەهدی پاکمێهر لە ڕێکەوتی ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٤ لە ئاکامی هێرشی توندوتیژانە و چەکدارانەی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر کافەی شوێنی کارەکەی، لەگەڵ چەند کەسی دیکە، بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا و بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەکانی بۆجنوورد گواسترایەوە. ئەو چەند ڕۆژی یەکەمی لە گرتنگەی ئەمنیدا لەژێر لێکۆڵینەوە و ئەشکەنجەی توندی جەستەیی و دەروونیدا بەسەر برد و دواتر بۆ بەشی دابڕگەی بەندیخانەی بۆجنوورد گواسترایەوە؛ بەشێک کە لە مانگەکانی دواییدا بەهۆی زیادبوونی ژمارەی دەسبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکان، تەرخان کرابوو بۆ ڕاگرتنی زیندانییانی سیاسی.

ئەم هونەرمەندە کوردە دوای نزیکەی دوو مانگ دەسبەسەرکران، بە دانانی بارمتەی ٦ میلیارد تمەنی و بە شێوەیەکی کاتی ئازاد کرا. ناوبراو لە کاتی دەسبەسەرکردندا لە پشتی پێیەوە بەهۆی بەركەوتنی فیشەکی ساچمەیی بریندار بوو و قۆناغی چاکبوونەوەی خۆی بەسەر دەبرد.

مەهدی پاکمێهر لە ڕۆژانی ١٤ یان ١٥ی بەفرانباری ١٤٠٤ لەگەڵ هاوڕێکانیدا بۆ کڕین لە ماڵ چووبووە دەرەوە کە هاوکات ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لەئارادا بوون. لەبەر ئەوەی ئەو لەنێو خەڵکدا کەسایەتییەکی ناسراو ئەژمار دەکرێت، هێزە سەرکوتکەرەکان لە شەقامدا ڕوو لە ئەو و هاوڕێکانی گازی فرمێسکڕێژیان تەقاند. دوای ناڕەزایەتیدەربڕینی ئەوان بەرانبەر بەم کارە، یەکێک لە هاوڕێکانی دەسبەسەر کرا و لە ناو ماشینی هێزە ئەمنییەکاندا بە توندی کەوتە بەر لێدان و کوتان.

دوای ئەم ڕووداوە، مەهدی پاکمێهر لە ناڕەزایەتی بەرانبەر ڕەفتاری هێزە ئەمنییەکان بە تەنیا لە ناوەندی شار لە بەرانبەر دووکانێکدا دانیشت. بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، کاتێک هەندێک کەس داوا لێ کرد شوێنەکە بەجێ بهێڵێت و بەڵێنیان پێدا هاوڕێ دەسبەسەرکراوەکەی ئازاد دەکرێت، ئەو شوێنەکەی بەجێهێشت. بەڵام کەمێک دواتر هێزە ئەمنییەکان و لیباس شيخسییەکان هەمان دووکانیان ئاگر تێبەردا تا ئەم کارە بخەنە ئه‌ستۆی ئه‌و و هاوڕێکانی. ناوبراو دوای بینی ئاگرکەوتنەوەکە، بە تەنیا بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە دەسبەکار بوو و لەم ڕەوتەدا لە دەست و پێیەوە تووشی سووتان بوو.

دوو ڕۆژ دواتر، لە ١٩ی بەفرانباردا، ژمارەیەکی زۆر لە هێزە ئەمنییەکان بە شێوەی چەکدارانە هێرشیان بردە سەر کافەکەی. لە ڕەوتی ئەم ئۆپەراسیۆنەدا، چەند فیشەکی ساچمەیی لە مەودای نزیکەوە بەر پێی تەقێندرا و لە کاتێکدا کە بریندار بوو، دەسبەسەر کرا. هێرشی هێزە ئەمنییەکان لەگەڵ توندوتیژیی بەربڵاو، لێدان و کوتانی ئامادەبووان، تێکدانی کەلوپەل و پشکنینی تەواوی کافەکەدا بوو. تەنانەت مێرمنداڵانی ١٣ و ١٤ ساڵانی ئامادەبوو لە شوێنەکە بەتوندی کەوتنە بەر لێدان و کوتان و بەشێکی بەرچاو لە کەلوپەل و ئامێرەکانی کافەکە تێکدران. 

پێشینەی دەسبەسەرکران و چالاکییە کولتوورییەکانی مەهدی پاکمێهر؛

مەهدی پاکمێهر لە هونەرمەند و گۆرانیبێژە ناسراوەکانی کوردی خوراسانە لە بۆجنوورد. ئەو ساڵانێکە لە بواری چالاکییە کولتوورییەکان و برەودان بە زمان و کولتووری کوردی چالاکی هەبووە و بە وتەی سەرچاوە ناوخۆییەکان، تەنانەت بەهۆی پۆشینی جلوبەرگی کوردییەوە چەندین جار کەوتووەتە ژێر گوشار، بانگکردن و لێکۆڵینەوە.

ئەم هونەرمەندە پێشتریش، بەتایبەت لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی ژن، ژیان، ئازادی لە ساڵی ١٤٠١دا و هەروەها لە ساڵانی پێشوودا، پێشینەی دەسبەسەرکرانی هەبووە. باوکی، دوو مام و ژمارەیەکی دیکە لە کەسوکاری لە ڕەوتی شەڕی ئێران و عێراقدا گیانیان لەدەست داوە.

مەهدی پاکمێهر سەرباری چالاکیی هونەری، خاوەنی کافەیەکە و لە بواری وەرزشی بۆکسیشدا چالاکی دەکات.