كوردپا: هێزە ئینتزامییەكان بەمەبەستی دەستبەسەرداگرتن و زەوت كردنی كەڵوپەلی كاسبكاران دەچنە نەغەدە و لە ئەنجامدا لەگەڵ بەربەرەكانی خەڵكی بەرەوڕوو دەبنەوە.
هەواڵنیرمان لە شاری نەغەدەوە رایگەیاند، رێكەوتی 23ی سەرماوەز، ماشێنی كاسبكارێك لە ترسی ئەوەی كە هێزە ئینتزامییەكان بارەكەی لێزەوت نەكەن روو دەكاتە گەرەكییەكی شاری نەغەدە و لەلایەن خەڵكی ئەو شوێنەوە داڵدە دەرێت.
هێزە ئینتزامییەكان خەڵكی ناچار دەكەن كە شوێنی حەشاردانی ئەو كاسبكارە كوردە ئاشكرابكەن، بەڵام لە ئەنجامدا هاووڵاتییان بەربەرەكانی دەكەن و تێكهەڵچوون درووست دەبێت.
بەپێی هەواڵی هەواڵنیرمان، 8 كەس لە هاووڵاتیانی كورد لەلایەن هێزە ئینتزامییەكانەوە دەستبەسەر دەكرین.
ناوی یەكێك لە دەستبەسەركراوەكان ئیسماعیل پیرنیا خەڵكی ئاوایی "تەڕكەش"ی سەر بە شاری پێرانشارە.
هەتا بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵە شوناسی ئەو 7 كەسەی دیكە نەزانراوە.
هەر لەو پێوەندییەدا رێكەوتی 22ی سەرماوەز هێزە ئینتزامییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران بە مەبەستی كۆ كردنەوەی ماهوارە دەچنە گوندەكانی حەڵبێ و كوویكان لە ناوچەی سندوسی نەغەدە و لە ئەنجامی بەربەرەكانی خەڵكی، تێكهەڵچوون دێتە ئاراوە.
لە ئەنجامی ئەو تێكهەڵچوونەدا هێزە ئینتزامییەكان ناتوانن هیچ ماهوارەیەك زەوت بكەن.





