٢٥ی خەزەڵوەری ١٤٠٥؛ بە گیانلەدەستدانی «مەجید فەیلی»، یەکێک لە بریندارانی وەرگەڕانی خوێناویی ئوتوبووسی کارمەندانی پێترۆپالایشی دێهلوڕان، ژمارەی قوربانییانی ئەم ڕووداوە گەیشتە ١٣ کەس. بەرەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی خەزەڵوەری ١٤٠٥، «مەجید فەیلی» کە بەهۆی سەختیی برینەکانییەوە لە بەشی چاودێریی چڕ (ICU)ی نەخۆشخانەی گەنجەوییانی دێزفوول خەوێندرابوو، گیانی لەدەست دا. باری تەندروستیی ناوبراو پێشتر ناجێگیر ڕاگەیەندرابوو. «مەجید فەیلی» هاووڵاتییەکی خەڵکی ئاودانان بوو.
ئێوارەی ڕۆژی شەممە، ٢٣ی خەزەڵوەری ١٤٠٥، ئوتوبووسی هاتوچۆی کارمەندانی کۆمپانیای پێترۆپاڵایشی دێهلوڕان (پڕۆژەی NGL 3100) کە زۆربەی سەرنشینەکانی خەڵکی ئاودانان و گوندەکانی دەوروبەری و هەروەها ئەندازیار بوون، لە کیلۆمەتری ١٠ی ڕێگای دەشت عەباس ـ موورمووری، لە ڕێگای لاوەکیی گوندی سێگەر و نزیک بیرە نەوتەکانی ناوچەی دێهلوڕان، تووشی وەرگەڕانێکی کوشندە بوو. لە ئەنجامی ئەم ڕووداوەدا تا ئێستا ١٣ کەس گیانیان لەدەست داوە و ١٧ کەسی دیکەش بریندار بوون کە لە نەخۆشخانەکانی ئیلام و دێزفوول خەوێندراون.
پێشتر کوردپا لە ڕاپۆرتێکی ورددا، ناوی ١٢ قوربانی و ١٨ برینداری ئەم ڕووداوەی بڵاو کردبووەوە. لەو ڕاپۆرتەدا هاتبوو کە باری تەندروستیی دوو لە بریندارەکان ناجێگیرە و لە بەشی چاودێریی چڕ خەوێندراون؛ «مەجید فەیلی» یەکێک بوو لەو دوو بریندارە.
میدیاکانی کۆماری ئیسلامی گیانلەدەستدانی قوربانییانی ئەم ڕووداوەیان پشتڕاست کردووەتەوە و لە ڕاپۆرتەکانیاندا تیشکیان خستووەتە سەر پرۆسەی فریاگوزاری، گواستنەوەی بریندارەکان، پەیامی سەرەخۆشیی بەرپرسان، ڕاگەیاندنی ماتەمینیی گشتی و پشکنینی تەکنیکیی پاسەکە؛ بەڵام هیچ ئاماژەیەکیان بە نائەمنیی ڕێگاوبانەکان، بێبەشیی ژێرخانیی ئیلام و کەمیی پێداویستییە تەندروستییەکانی ناوچەکە نەکردووە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، کارمەندان ڕۆژانە نزیکەی ١٥٠ کیلۆمەتریان لە ڕێگا نائەمنەکاندا هاتوچۆ دەکرد؛ ئەوان کاتژمێر چواری بەیانی لە ماڵ دەردەچوون و ئێواران بە هەمان ڕێگاکاندا دەگەڕانەوە شوێنی نیشتەجێبوونیان. ئەم سەرچاوەیە پێی وایە کۆمپانیاکە دەیتوانی بە دروستکردنی بەشەناوخۆیی (خەوتنگە) بۆ کارمەندان، ڕێگری لە هاتوچۆی ڕۆژانەیان لە ڕێگا نائەمنەکان و کەوتنەبەر مەترسییان بکات.
لە دوای ئەم ڕووداوە، بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕەخنەیان لە نائەمنیی ڕێگاوبانەکان، بێبەشیی ژێرخانیی ئیلام سەرەڕای هەبوونی سەرچاوەکانی نەوت و گاز و نەبوونی پێداویستییە سەرەتاییەکان، لەوانە ساردخانە بۆ ڕاگرتنی تەرمی قوربانییەکان لە ئاودانان، گرتووە.
ئیلام سەرەڕای هەبوونی سەرچاوەی بەرفراوانی نەوت و گاز، هێشتا ڕووبەڕووی ڕێگاوبانی نائەمن، ئۆتۆمبێلی کۆن و شڕی گواستنەوەی کرێکاران و کەمیی ناوەندی تەندروستیی پێشکەوتوو بووەتەوە؛ بە شێوەیەک کە بریندارەکان بۆ وەرگرتنی خزمەتگوزاریی پزیشکی دەگوازرێنەوە بۆ دێزفوول. هاووڵاتییان و کرێکاران داوای تەرخانکردنی دادپەروەرانەی داهاتەکانی نەوت و گازی ناوچەکە دەکەن بۆ سەلامەتکردنی ڕێگاوبانەکان، نوێکردنەوەی ئۆتۆمبێلەکانی گواستنەوەی کرێکاران و دابینکردنی پێداویستی بۆ ناوەندە تەندروستییەکان.
لە ڕوانگەی مافی نێودەوڵەتییەوە، ئەم کارەساتە نموونەیەکی زەقی «پێشێلکردنی مافی ژیان بەهۆی کەمتەرخەمیی پێکهاتەیی» (ماددەی ٦ی پەیماننامەی مافە مەدەنی و سیاسییەکان)، «پێشێلکردنی مافی کارکردن لە هەلومەرجی سەلامەتدا» (ماددەی ٧ی پەیماننامەی مافە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان)، «پێشێلکردنی مافی تەندروستی» (ماددەی ١٢) و «جیاکاریی پێکهاتەیی لە دابەشکردنی سامان و ئیمکاناتدا» (ماددەی ٢٦) هەژمار دەکرێت.





