كوردپا: لە شاری سەقز رێوڕەسمێكی سیمبۆلیك بە بۆنەی "رۆژی جیهانیی خەبات بە دژی ئیدز" بەڕێوە چوو.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا: ئەو رێوڕەسمە لە خوێندنگەی "انبیا" بە بەشداریی ژمارەیەك لە لێپرسراوانی ناوەندەكانی تەندروستیی شاری سەقز بەڕێوە چوو.
لەو رێوڕەسمەدا بۆ جاریكی تر مەترسییەكانی نەخۆشیی ئیدز بۆ سەر كۆمەڵگا هاتە بەرباس و كۆمەڵێك رێوشوێنی تازە بە مەبەستی بەربەرەكانێ لەگەڵ ئەو نەخۆشیە خرایە بەر بیروڕای بەشداربوان.
هەواڵدەریی ئیسنا بڵاوی كردۆتەوە، لە پارێزگای كوردستان نزیك بە 430 نەخۆش و تووشبوو بە ویرووسی ئیدز بوونی هەیە كە 90 كەسیان لە شاری سنەن و رێژەیەكی زۆریش هێشتا شناسایی نەكراون.
شێرزاد سەیفی لێپرسراوی ناوەندی راوێژكاریی نەخۆشیە رەفتارییەكان ئاشكرای كردووە، پێشبینی دەكرێت زیاتر لە سێهەزار نەخۆشی تووشبوو بە ویرووسی ئیدز لە پارێزگای كوردستان هەبێت.





