كوردپا: تیمی ژنانی كاراتە كاری پاریزگای ئیلام لە یاری و پێشبڕكێیەكانی ئێراندا توانیان بە دەستەبەر كردنی شەش خەڵات سەركەوتنێكی بەرچاو بەدەست بهێنن.

فەرزاد فەتاحی بەڕێوەبەری گشتیی وەرزش و لاوانی ئیلام بە هەواڵدەریی "ئیرنا"ی راگەیاندووە: تیمی كاراتەی ژنانی ئیلام لە یارییەكانی ئێراندا كەلە پارێزگای گیلان بەڕێوە چووە، لە سەبكی "كیك بوكسینگ" شەش خەڵاتیان مسۆگەر كردووە.

فەتاحی وتیشی: ئەو پێشبڕكێیانە كە بە بەشداریی 400 وەرزشوانی ژنان لە تەمەنەكانی مێرمنداڵان، لاوان و گەورە ساڵاندا بەڕێوە چووە، 12 وەرزشوانی كاراتە كاری ئیلامی تێیدا بەشدار بوون و بە دەستبەر كردنی سێ‌ میداڵی زێڕ، دوو زیو و یەك برۆنز بوونەتە قارەمان.

لەو یارییانەدا، "سەعدیە رۆستەمی" لە تەمەنی گەورە ساڵان و "كیمیا ئۆڵفەتی" و "كیمیا سورخ میری" هەر دووكیان لە تەمەنی مێرمنداڵان توانیان میداڵی زێڕ بەدەست بهێنن.

"فاتمە بانقلانی" و "زەینەب بەهادوری" لە تەمەنی مێرمنداڵان میداڵی زیو و "فاتمە شوجاعی"یش لە تەمەنی گەورە ساڵان پلەی سێهەم و میداڵی برۆنزی ئەو پێشبڕكێیانەیان بۆ خۆیان دەستەبەر كردووە.

بە وتەی فەتاحی سەرەڕای ئەوەی كە كەرتی وەرزشی ئیلام خاوەنی بەهرە و توانایی زۆرە، بەڵام ئەمساڵ زیاتر لە 800 میلیۆن لە بوودجەی وەرزشیی ئەو پارێزگایە كەم كراوەتوە.