كوردپا: كۆمەڵە شێعری"بێ سرمیچ" بەرهەمی شیلان گەیلانی ژنە شاعێری كوردستانی ئێران و چالاكی فەرهەنگی و ئەدەبی منداڵان لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی هەرێمی كوردستانەوە چاپ كرا.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، "بێ سرمیچ" كتێبی یەكەم كۆمەڵە شێعری "شیلان گەیلانی"یە لە بواری ئەدەبی گەورە ساڵاندا كەلە 9 لاپەڕەدا و لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی هەرێمی كوردستانەوە لە دەزگای چاپی فەرهەنگ چاپ كراوە.
گەیلانی زیاتر لە 15 ساڵە لە بوارەكانی فەرهەنگ و ئەدەبی كوردی بە تایبەتی ئەدەب و وێژەی منداڵان و مێر منداڵاندا چالاكی دەكات.
كتێبەكانی "فریشتەی دیان"، "شوێنەكان"، "بیرەوەریی گەڵاكان"، "ماشینەكان" و "پیشییەكان" و "ئولەمپیادەکان" ٦ بەرهەمی چاپ كراوی دیكەی گەیلانین كەلە بواری ئەدەبی منداڵاندا بڵاوی كردوونەتەوە.
ئامینە گەوێلی كێڵانە بە نازناوی ئەدەبیی " شیلان گەیلانی" خەڵكی شاری سنەیە و هەتا ئێستا بە دیەیان وتار و بابەتی ئەدەبی و رۆشنبیریی لە بواری ئەدەبیاتی منداڵان لە رۆژنامە و گۆڤارە كوردییەكان بڵاو كردۆتەوە.
هاوكاریی لەگەڵ چەندین بڵاوكراوەی كوردستانی ئێران و هەرێمی كوردستان هەیە و چەندین شانۆنامەی مناڵانی نووشسوە و لە چەند سیمینار و كۆڕی ناوخۆیی و بیانیدا بەشداری كردووە.





